لە نینۆکه‌كانەوە نه‌خۆشییه‌كانی جه‌سته‌ت بزانه‌؟

د.تۆڵە فەرەج

سەرۆکی بەشی شیکاری نەخۆشیەکان/فاکڵتی زانستە پڕاکتیکیيەکان

زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک

* بۆچی دەبێت چاودێری گۆڕانکاریەکانی نینۆکمان بین؟

* ئایا نینۆک جگە لە پێدانی هێز بە پەنجەکان، هۆکاری دەستنیشانکردنی نەخۆشین لەلاى مرۆڤەكان؟

* شێوازەکانی ناتەندروستی نینۆک چین؟

نینۆک وەک بەشێکی یەکجار گرنگ لە جەستەی مرۆڤ کە بە پێکهاتەیەکی پتەو وەسف دەکرێت کە پرۆتین و مادەی کرياتین بە سەرەکیترین پێکهاتەیەی نینۆک دادەندرێن. نینۆک‌‌ لە گەشەی بەردەوام دایە و ڕۆڵی گرنگی پاریزگاریکردنی سەرە پەنجەکانە لە هەر زەبرێکی دەرەکی و هاوکات لە پاڵپشتی و ئەنجامدانی کار و چالاکی لە ڕێگەی بەکارهێنانی پەنجەی دەست و پێیەکان‌ کە هەریەکەیان بە نینۆکی تایبەت ڕووپۆش کراون

زۆرێک لە ئێمە بەهۆی بوونی نینۆک لە دەرەوەی جەستە و ئاسان هەستکردن بە هەر گۆڕانکاریيەكێوه زوو تێبینی کۆمەڵێک نیشانە دەکەین کە ئایا نینۆکمان بۆچی زوو دەشکێن؟ ڕەنگیان دەگۆرێن؟ دەپووکێنەوە؟ کۆمەڵێک نیشانەی دیکە هەن کە ڕەنگە وەکو نیشانەیەکی سەرەتایی بن بۆ ناتەندروستی جەستە و تووشبوون بە نەخۆشی، هەر بۆیە لەم بابەتەوە کۆمەڵێک نیشانەی نینۆک باس دەکەین کە پەیوەنديیان بە بوونی نەخۆشی لە جەستەدا هەیە

یەکەم: نینۆکی زەردباو (Pale Nails)

هەبوونی ئەو جۆرە لە نینۆک کە لە ڕووی ڕەنگەوە گۆرانکاری بەسەر هاتووە و نینۆک ڕەنگێکی زەردباوی پۆشیوە کە دەکرێت نیشانەبن بۆ کێشەی تەندروستی وەکو (کەم خوێنی، کێشەی تەندورستی دڵ، ناچالاکی لە کاری جگەر و کێشەی بەدخۆراکی)

دووەم: نینۆکی سپی (White Nails)

پێکهاتەی ئەمجۆرە نینۆکە بە جۆرێک دەبێت کە نینۆک بە تەواوی ڕەنگێکی سپی بەفری بۆ دروست دەبێت و تەواو جیاواز لە نینۆکی تەندروست، کە نیشانەکان گوزارشت لە بوونی کێشەی تەندروستی دەکەن لە گەورەترین ئەندامی لەش کە بە جگــــەر دەناسرێت

سێهەم: نینۆکی شینباو (Bluish Nails)

هەبوونی نینۆکی شینباو نیشانەیە بۆ کێشەی تەندروستی لە سییەکان کە بە جۆرێک شیکردنەوەی بۆ دەکرێت جەستە ڕێژەی پێویستی ئۆکسجینی بەدەست ناگات، و ڕەنگە بەهۆی کێشەی تەندروستی دڵ بێت کە هۆکارە لە کورتی و کەمی ئۆکسجینی گەیندراو بە خانەو شانەکانی جەستە

چوارەم: نینۆکی شەپۆلی (Rippled Nails)

بوونی ئەم جۆرە نینۆکە لە کەسێک کە شێوەی شەپۆلی وەردەگرێت‌ و ڕەنگی نینۆک بەرەو کاڵ بوونەوە و لەناوچوون دەچێت نیشانەن بۆ کێشەی تەندروستی هەوکردن و ناتەندروستی جومگە و تووشبون بە نەخۆشی ڕۆماتیزم

پێنجەم: نینۆکی شەقبوو (Cracked Nails)

هەر کات نینۆک بە شێوەیەکی ناتەندروست‌ رووبەڕووی کێشەی درز و‌ شەقبوون بوو ئەو کات دەکرێت وەکو نیشانەی هەبوونی کێشە لە ڕژێنی دەرەقی پێناس بکرێت کە بەرپرسە لە دروستکردن و هەڵگرتن و دەردانی ڕژێنی تایبەت لە جەستەی مرۆڤ لە پێدانی هاوسەنگی و ڕێکخستنی کاری دڵ و کۆئەندامی هەرس و ماسولکە و تەندروستی ئێسک

شەشەم: نینۆکی هەڵئاوساو (Puffy Nails)

بەجۆرێک لێواری نینۆک تێکەڵ بە گۆشتی پەنجەکان تووشی هەڵئاوسان و سووربونەوەیەکی تەواو بەرچـــاو دەبێت کە هۆکارە لە تێکشکان و لەناوچوونی شانەکان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەوکردن لە جەستە.

حەوتەم: نینۆکی هێڵداری ڕەش (Dark Lines Nails)

بە ترسناکترین جۆری‌ ناتەندروستی نینۆک دادەندرێت کە چەند هێڵیکی ڕەشی هاوتەریب لە نینۆکدا دروست دەبن و دەخرێتە‌ باری لێکۆڵێنەوەی خێرا لە‌ ئەگەری دروست بوونی شێرپەنجەی پێست

هەشتەم: نینۆکی خوراو (Gnawed Nails)

خواردنی نینۆکی پەنجەکان بە بەردەوامی لە ڕێگەی زارەوە لە ئەگەری هەبوونی کێشەی خوگرتن بە قرتاندنی نینۆک بە ددان تێدەپەرێ بۆ ئەگەری هەبوونی کێشەی دڵەراوکێ و خەمۆکی بەردەوام

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *