!لومینۆل و شوێنی تاوان

 

ڤەھین ھێمن ڕامز

قۆناغی چوارەم – کۆلێژی پزیشکی دەرمانسازی

لومينۆل ماددەیەکی کریستاڵی (بلووری) سپی بۆ زەردێکی کاڵە کە لە نایترۆجین، ھایدرۆجین، ئۆکسجین و کاربۆن پێکدێت، تواوەیە لە زۆربەی توێنەرە ئەندامییە جەمسەردارەکان، بەڵام لە ئاودا ناتوێتەوە. لێکۆڵەرە دادوەریبەکان (محقق العدلي) لومینۆل بەکاردێنن بۆ دەستنیشانکردنی پاشماوەی ئەو بڕە کەمەی خوێن کە لە شوێنی ڕوودانی تاوان دا دەمێنێ، کە لومینول کارلێک دەکات لە گەڵ ماددەی ئاسن_ی ناو ھیمۆگلۆبینی خوێن. ھەروەھا پسپۆڕانی بایلۆجیش بەکاریدێنن بۆ تاقیکردنەوەی خانەیی، بۆ تێبینیکردن و دەستنیشانکردنی مس، ئاسن و سیانید, ھەروەھا ھەندێک پڕۆتینی جۆری دیاریکراو لە رێگەی(western blotting)کە ئەم تەکنیکە بەکاردێ بۆ دەستنیشانکردنی پڕۆتین-ی جۆری دیاریکراو لە نموونەی شانەی وەرگیراودا

بۆ یەکەم جار لومینۆل لە لایەن زانای دادوەری ئەڵمانی walter specht لە ساڵی 1937 بەکارھێنرا. Specht ئەوەی دۆزییەوە کە چەندە لەکەی خوێن( شوێنی بەجێماوی خوێن ) ماوەکەی زیاتر بێت, بە شێوەیەکی درەوشاوەتر و بۆ ماوەیەکی زیاتر رووناکیەکە دەمێنێتەوە (رووناکی کارلێکی لومینۆل لە گەڵ خوێن). خوێن تەنھا وەکو پەرەپێدەری کارلێکی کیمیایی ڕۆل دەبینێت. بۆیە بڕێکی زۆر کەمی خوێنیش کە بە چاو نابینرێت دەكرێت ببێتە ھۆی ھاندانی کارلێککردن، بۆیە لومینۆل بەکاردێت بۆ دیاریکردنی پرژەی خوێن, تەنانەت دوای پاککردنەوەی خوێنەکەش بۆ ماوەیەکی کەم کە ٣٠ چرکەیەک روناکیيەکی شینی درەوشاوە دروستدەکات, ھەر دەمێنێ, بۆ ئەوەی ئەو رووناکیبە شینە دەربکەوێت دادوەری لێکۆلەر پێویستە شوێنی روودانەکە تاریک بکات بۆ درەوشانەوەی کارلێکەکە بە بەکارھێنانی کامێرایەکی بەھێزی پێشکەوتوو بۆ تۆمارکردنی بەڵگە

بەکارھێنانی bleach ماددە پاککەرەوە( سپیکەرەوەکان) وەكو فاس،  فلاش،  مێگا و ھتد … لە شوێنی تاوان کێشەیەکی ھەرە گەورەیە کە شوێنی بەجێماوی خوێن پاکدەکاتەوە، بەڵام بە ھەمان شێوەی خوێن ئەو درەوشانەوە شینە دروستدەکەن، بەڵام لێکۆڵەری شارەزا و بە ئەزموون دەتوانێت جیاوازی بکات لە نێوان خوێن و ماددە سپیکەرەوەکان لە رێگەی جیاوازی خێرایی کارلێککردنەوە, سەرەرای ئەوەش لە ھەندێک حالەت دا قورسە دەستنیشانکردنی ( دۆزینەوەی) پەڵەی خوێن، ھەڵبەتە لومینۆل تەنھا ماددە نییە بۆ دەستنیشانکردنی خوێن, بەلکو یەکێکە لەو ماددانەی کە کاریگەرن. پرژەی خوێنی شاراوە بەڵگەی خوازراوە بۆ دیاریکردنی ئاراستەی ئەنجامدانی تاوان یان بەکارھێنانی چەک بۆ مەبەستی تاوان .ئەو درەوشاوەی لومینۆل ئەنجامی ئەوەیە کە کارای ئۆکسێنی وەک خوێن کە پەرەپێدەری کارلێکی کیمیایی ئۆکساندنی لومینۆلە ئەم کارلێکە تایبەت نییە بە خوێن بەڵکو phenolaphthalin بە شێوەیەکی ورد و تایبەت  بەکاردێت بۆ دیاریکردنی لەکەی خوێن لە شوێنی ئەنجامدانی  تاوان و شوێنی دەرچوون لە تاوان و شوێنی راکێشانی کوژراوەکە لە ناو خوێندا

ئەم وێنەیەی سەرەوە ئەوە نیشان دەدات کە خاوليیەکان شۆردراون و پاک بوونەتەوە لە خوێن کە لە شوێنی تاوانی کوشتن دا بەکارھێنرابوون، بەڵام دوای بەکارھێنانی لومینۆل لە وێنەکەی دواتردا دەردەکەوێت کە پێشتر خوێناوى بووە

جیاوازی درەوشانەوەی لومینۆل بە ماددە سپیکەرەوەکان بە شێوەیەک درەوشاوەتر و روونترە لە خوێن، بەڵام خوێن درەوشاوەیەکی مات و کپی ھەیە

ژێدەر

Bureau of Criminal Apprehension

Royal Society Of Chemistry

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *