!ژەهرە شیرینەکە

 

هاله دلێر یاسین

شیکاری نەخۆشیەکان

قۆناغی چوار

زۆرێک لە ئێمە بە گەورە و بچووکمانەوە حەزێکی تایبەتمان ھەیە بۆ شەکر و دروستکراوەکانی شەکر تا ئاستێک شەکر بۆتە خواردنێکی سەرەکی یان بەشێکی گرینگ و زۆر لە خواردنی رۆژانەمان ، ھەر یەکێ لە ئێمە رۆژانە بڕێکی زۆر لە شەکر وەردەگرێ (دەخوات) جا چ بەڕێگەی شیرنەمەنیەکانی وەک (کێک،چوکڵات،پاقڵاوە…ھتد) بێ یان بەڕێگەی خواردنەوە کافایینیەکانی وەک چا و قاوە بێ یانیش بە ڕێگەی خواردنەوە گازی و وزەبەخشەکان بێ کە بڕێکی زۆر لە شەکر لەخۆ دەگرێ کە دەگاتە نزیکەی ٪‏٥٠ی تەواوی پێکھاتەکانی ئەو خواردنەوانە.

پسپۆرانی بواری تەندروستی شەکر وەک “ژەهرێکی شاراوە” یان “ژەھری سپی”  ناودەبەن کەوا دەکات ئالوودەی ببیت و دواتر زیانی تەندروستی زۆرت بۆ دروست دەکات لێرەدا ئاماژە بە ھەندێ لەو زیانانە دەکەین

 ⁃ کۆئەندامی بەرگری لاواز دەکات و دەبێتە ھۆی ئاڵودەبوون : لاوازی کۆئەندامی بەرگری بەهۆی زۆری شەکر وات لێ دەکات کە تووشی نەخۆشی ببیت، دەبینین ئالوودەبوانی شەکر تووشی سەرما و ئەنفلەوەنزا بەشێوەیەکی دووبارە دەبن، هەروەها pHی خوێن-ڕادەی تفتیەتی- دادەبەزێنێت وا دەکات تووشی شێرپەنجە ببیت، شەکر هەشت ئەوەندەی کۆکاین توندتر تووشی ئالوودەبونت دەکات!!، بۆیە تاکو زیاتر بەکاری بێنیت ویستت بۆی زیاد دەکات تاکو دەگاتە ڕادەیەکی زیانبەخش بە تەندروستی

 ⁃ دەبێتە هۆی زۆربوونی کێش:  شەکر بڕێکی زۆر لە کاربۆھادرات(ووزە)ی  تێدایە ، بۆیە بەشێوەیەکی بەرچاو کێش زیاد دەکات ، و دەبێتە هۆی قەڵەوی،وات لێدەکات کە برسیت بێت ئەم تایبەت مەندییە کێشیشت زیاد دەکات، چونکە خواردنی شەکر دەبێتە هۆی ئەوەی زوو برسیت بێت و وات لێ دەکات زیاتر بخۆیت و کێشت زیاد بکات. بۆیە گەر دەتەوێت کێشت ڕێک بخەیت خۆت لە شەکر بە دوور بگرە، و گەر لاوازیت و دەتەوێت کێشت زیاد بکات ئەوا شەکر بەکار مەهێنە بەهۆی زیانە زۆرەکانی تری

 ⁃ هەست کردن بە تێکچوون و ئالۆزی بیرکردنەوە: بەزیاد بوونی شەکر مێشک هێواشتر دەبێت لە بیرکردنەوە و هەست بە ئاڵۆزی و تێکچوونی بیرکردنەوە دەکەیت چونکە خوێیەکان و ڤیتامینی تێدا نیە، هەموو ماددەیەک زیان و سوودی هەیە و شەکر زیانەکانی لە سوودەکانی زۆرترە، بۆیە تاکو زیاتر له شەکر دووربکەویتەوە ، تەندروستیت باشتر دەبێ

 ⁃ پەیوەندی ڕێژەی شەکر بە ڕێژەی کۆلیسترۆلی بەسوود: توێژینەوەکان دەریان خستووە ئەوکەسانەی کە شەکر زیاتر بەکار دێنن رێژەیی کۆلیسترۆلی بەسوود لە خوێنيان کەمدەبيت، کە دەبێتە هۆی زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بەنەخۆشیەکانی دڵ

 ⁃ تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە: بەکار‌هێنانی شەکر راستەوخۆ نابێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە بەڵام زۆر جار قەڵەوی دەبێتە ھۆی توشبوون بە نەخۆشی شەکرە ھەروەک پێشتر ئاماژەمان پێدا یەکێک لە ھۆکارەکانی قەڵەو بوون زۆر خواردنی شەکرە

هەروەها شەکر زیانێکی زۆری هەیە بۆ سەر ددانەکانیش – چونکە ناو دەمی مرۆڤ پڕە لە بەکتریای جۆراوجۆر کە هەندێکیان سوودبەخشن و هەندێکیشیان زیانبەخشن ، هەر بۆیە ئەم شەکرە دەبێتە خۆراکى بەکتریا زیانبەخشەکان دواتر جۆرێک لە ترش بەرهەم دێنن کە زیان بە مینای ددان دەگەیێنێت ( ئەو بەشەی کە ددانەکانمان دەپارێزێت) ،ئەم ترشەیە دەبێتە هۆی هەوکردنی بەکتیری و ددان کون دەکات، ئەگەر ئەم کون کردنە زوو چارەسەر نەکرێت دەکرێت هەوکردنەکە مینای ددان تێپەڕێنێت و کونەکە گەورەتر بکات بە جۆرێک زیانی زۆر بە ددانەکان بگەیێنێت و بەڵکو لەوانەیە ددانەکە لە دەست بدەیت

 ⁃ زیانەکانی بۆ منداڵان: پزیشکەکان زۆر ئەوە دوپات دەکەنەوە کە دەبێت منداڵان بڕێکی مامناوەند لە شەکر بەکاربهێنن، منداڵان لەم تەمەنە ویستیان زۆرە بۆ بەکارهێنانی بڕێکی زۆر لە شیرینی و شەکر و خواردەمەنیە شیرینەکان، ئەمەش نەک تەنها دەبێتە هۆی قەڵەوی زیادەڕۆ بەڵکو ئەگەری تووشبوونی لە داهاتوودا زیاد دەکات

لێرەدا زیاتر باسمان لە زیانەکانی شەکر کرد وەک لە سوودەکانی چونکە بە بەراورد بە زیانەکانی  سودەکانی ئێجگار کەمن بۆیە گەر دەتەوێ لەشێکی رێک و تەندروستت ھەبێ تا دەتوانی شەکر بەکارمەھێنە ، ھەمیشە تەندروست بن

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *