شاردنەوەی هەنگاوی نوێ

 

زۆر جار  دەبینین کەسانی چواردەورمان ناتوانن هەنگاوی نوێ بنێن، ناتوانن ببنە خاوەن کاری خۆیان، سیمینار و وتار پێشکەش بکەن، نایانەوێت  بژارەی  نوێ تاقیکەنەوە و لەو چوارچێوەیەی تێیدان  بێنە دەرەوە، نەک لەبەر ئەوەی ویست و هێز و تاقەتیان نیە، نەخێر تەنها ترسە.

كەواتە ترس چییە؟

ترس دۆخێکی فیزیكیی  جەستەیە،  وەکو هەر هەستێكی تری دڵگرانی و دڵخۆشیی، هەستی سەركەوتن و شكان، جۆش و خرۆش یان تەمبەڵیی، بۆیە ترسیش هەستێکی ئاساییە و هەموو مرۆڤێك كەم تا زۆر  هەیەتی،  بەڵام نەک بگاتە ئەوەی  ژیان کۆنترۆڵ بکات، بەڵكو پێویستە كۆنترۆڵی ئەو ترسە لە دەستی كەسەكاندا بێت.

ترس وەكو (دزێكە) کە ئەزمونەکانمان دەدزێت، بۆ نموونە، لە بەرزایی و چیاکان دەترسن، بەڵام بەهۆیەوە بێبەش دەبن لە ببینینی سروشت و جوانییەکانی، دەترسن لە لەدەستدانی کەسە ئازیزەکان، كەچی رێگرییەكانی ژیان لەناو نابەن بۆ ئەوەی چێژیان لێ وەرگرن. دەترسن لە پێشکەشکردنی سیمینار و وتاردان، بێ ئاگان لەوەی پەیامەكانیان دەچێتە ژێر گڵەوە و خۆیان و چواردەورەكەشیان لەو سوودە بێ بەش دەكەن. ترسی هاوسەرگیریکردن کە ئێدی بە خۆشەویستەکەی ناگات، ترسی داهێنانێکی نوێ و پێشکەشکردنی، کەوا دەکات جیهان لە داهێنانێکی نوێ بێبەش بێت، ئەوان نازانن كە زۆربەی ترسەکان ڕاستەقینە نین و تەنها بەرهەمی زۆر بیرکردنەوە و وێناکردنی كاردانەوە خراپەکانە.

تاکە چارەسەریی بۆ ترس كە پێویستە ئەنجامی بدەین، شتێکی نوێ بکەن لە دەرەوەی ڕۆتینی ڕۆژانە، دوای ئەنجامدان و دووبارە كردنەوەی كارەكەی كە لێی دەترسان، ئیدی مێشک تێدەگات کە ئەو كارە ئاساییە و هیچ ترس و دڵەراوكێیەكی ناوێت، ئێدی لەو کاتەدا کۆنترۆڵی ترسەكە دەكرێت.

بۆ هەر کارێک كە ترسی لەلاتان دروست كرد، بەهای پێبدەن و لێی بکۆڵنەوە، و كارەكە ئەنجام بدەن،  لەوانەیە ئەم كارەی كە لێی دەترسان، ڕێگای سەرکەوتن بێت.

لە کۆتاییدا خوای گەورە دەفەرموێت :(لا تَخَافَا إنَّنِی مَعَكُمَا أَسمَعُ ۆأرَى)

ئەو کات ترس ناتوانێ کۆنتڕۆڵت بکات و بەسەرتدا زاڵ بێت

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *