كێشە

د. مستەفا زەنگنە

كێشە دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی و سیاسییە و لە ئەنجامی دژ بە یەك وەستانەوەی بەرژەوەندییەكان سەر هەڵدەدا، جا ئەو كێشەیە لە نێوان تاك و تاك، یان گروپ و گروپ یان حزب و حزب یان لە نێوان دوو بیری جودا و دوو وڵاتی جیادا دەبێت. دیارە بوون و سەرهەڵدانی كێشەش شتێكی ئاساییە، چونكە مرۆڤەكان و بەرژەوەندی و ئایدیاكان جیاوازن، ئەمانەش دەبنە بەركەوتە و لە ئەنجامدا كاردانەوەیان دەبێت. بە بۆچوونی من گرنگ كێشە و جۆری كێشەكە نییە، بەڵكو گرنگ ئەوەیە عەقڵێك هەبێ لە كێشەكە بگات و چوارچێوەی بۆ بكێشێ، ئەوكات چارەسەریشی بۆ دەدۆزرێتەوە. كەواتە بوونی كێشە و زانینی هۆكاری سەرهەڵدان و پاڵنەر و رەهەندی كێشەكە خۆیان دەبنە دەستنیشانكەرێكی كەتوارانە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر.

كاتێك كە ئێمە كێشەیەك دەبینین كە بەردەوامە و چارەسەری نیە، ئەوا دەبێ بەدوای ئەم هۆكارانەدا بگەڕێین:

  • نەبوونی عەقڵێكی چارەسەركەر.
  • نەبوونی نیازی چارەسەركردن.
  • دەستنیشان نەكردنی هۆكارەكانی كێشەكە.

ئەو كێشانەی كە بازنەكەیان گەورەتر بۆتەوە و هیچ جۆرە بنەما و بابەتێكی لۆژیكی نەبۆتە هۆكاری سەرهەڵدانی و تەنانەت قسە و قسەلۆك و لێكدانەوەی خودی وایكردووە ئەو كێشەیە سەرهەڵبدات، بەرای من ئەم جۆرە كێشانە چارەسەریان قورسە و سەری داوی كیشەكە ون دەبێت و بە ئاسانی چوارچێوەی بۆ دانانرێت.

كۆمەڵگەی كوردەواری ئێمە لە سەردەمی گلۆباڵیدا، تووشی نسكۆی كۆمەڵایەتی زۆر ناخۆش بۆتەوە، رۆژانە چەندین كێشەی بێ بنەما لە نێوان ژن و مێرد، مناڵ و دایك و باوك، ئەندامانی خێزان و خزم و كەس و كار و گروپ و حزبەكاندا سەرهەڵدەدەن و زۆربەی زۆریشیان بێ بنەمان، بۆیەش چارەسەركردنیان ئاسان نیە و تا دێتیش وەكو دیاردەیەكی زیانبەخش لە تەشەنەكردندایە.

بە بۆچوونی من، باری ئابووری، سەربەخۆیی تاك لە رووی ئابووری و ژیانەوە و ئایدیای جیا و بوونی نموونەی بەرژەوەندیی باڵا، ئەمانە فاكتەری سەرەكین لە بەربڵاویی سەرهەلدانی كێشەی سەیر سەیر كە تەنانەت یاساكانیش سەریان لەم جۆرە كێشانە سووڕماوە.

دەكرێ فرەبوونی كێشەی بێ بنەما بە جۆرێك لە نەخۆشیی كۆمەڵایەتی هەژمار بكرێت كە بۆتە هۆكار بۆ بەزاندنی سنووری بەها كۆمەڵایەتییەكان و لێكترازانی خێزان و زیادبوونی جۆرەكانی تاوان و بۆتە فشارێكیش لەسەر باری دەروونی تاك.

گەرچی سەرهەڵدان و بوونی كێشە شتێكی ئاساییە و لە نێو تاك و كۆمەڵە جیاجیاكاندا هەیە، بەڵام بوونی ئەم هەموو كێشە بێ بنەمایانە لە ناو كۆمەڵی كوردەواریدا جێی هەڵوەستەكردنە، چونكە هەموو توێژەكانی گرتۆتەوە، لە نێویاندا چینی رۆشنبیر و خوێندەواریش پشكی زۆریان بەردەكەوێت، بۆیە بە ئەركی زانكۆكانی دەزانم كە بەشەكانی كۆمەڵناسی و دەروونزانی بە زووترین كات قۆڵی لی هەڵماڵن و وەكو ئەركێكی زانستی چوارچێوە و چارەسەركردنی سەرهەڵدانی ئەم كێشە بێ بنەمایانە بخەنە ڕوو. لایەنی پەیوەندیدار و حكومەت ئاگەدار بكەنەوە و داوا بكەن رێ و شوێنی دروست بگرنە بەر بۆ كەمكردنەوەی، ئەگینا گەر وا بڕوات ئێمەی كورد تووشی كارەساتی لێكترازانی كۆمەڵایەتی دەبین، ئەمەش مەترسیدارترین نەخۆشی كۆمەڵایەتییە.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *