ڕواڵەت و بابەت وەک دوو ستونی گرنگ لە یاسادا

 

پ. ی. د.حسین بالیسانی

ڕاگری کۆلێژی یاسا لە زانکۆی نێودەوڵەتی تیشك

       لە دانوستاندنی  سەرکردایەتیی کورد لەگەڵ رژێمی سەدام لە ساڵی ١٩٩١-١٩٩٢ دا یەکێك لە ئەندامانی شاندەکە کە بەشدار بوو لە گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا بۆی گێرامەوە وتی: لە یەكێ لە دانیشتنەکاندا عزت دووری کە ئەو دەمە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی هەڵوەشێنراو بوو سەرپەرشتیی دانیشتنەکەی دەکرد، و باسی دیموکراسییەت کرا بۆ ئەوەی بتوانین رژێمێکی دیموکراسی زانستی لە عيراقدا  دابمەزرێنین، و هەر یەك لە ئەندامانی شاندی هەردوولا سیستەمی دیموکراسییەتیمان شێ دەکردەوە و تاوتۆمان دەکرد کە چەمکی دیموکراسی چیە؟ و رێنماکانی چین؟ و چەند جۆری هەيه؟ و چەند دەزگای پێویستە؟ و چەند شت و بابەتی تر کە پەیوەندییان هەبوو بە دیموکراسییەوە، لە کۆتاییدا سەرۆکی دانیشتنەکه عزت دووری هاتە قسەو وتی: برایان ئێمە دیموکراسییەتيێكمان دەوێ کە ئێمە وەکو حزبی  بەعس کۆنترۆلی بکەین.

 خوێنەری ئازیز:

هەموومان دەزانین کە دیموکراسییەت لە زەمانی رژێمی بەعس شتە ڕواڵەتییەکانی هەبوو وەکو ئەنجومەنی نیشتمانی، هەڵبژاردن، سەندیکاکان، رێکخراوەکانی تر …هتد بەڵام شتە بابەتییەکان هیچی نەبوو، ئەنجومەنی نیشتمانی کە هەڵدەبژێردرا بە ویستی بەعس بوو و پێشەکی دیاری کرابوون، ئەندامانی سەندیکاکان بە کەیفی بەعس پێشەکی دیاری کرابوون، رێکخراوەکانی ژنان، کرێکاران ،قوتابیان ..هتد هەمووی بە ویستی بەعس بوو، بگرە نوێنەری قوتابیان لە پۆلەکانی قوتابخانەکان و زانکۆکان و پەیمانگاکاندا ئەبوایە بەعسی بوونایە … بەم رووداوە کە کلیلی بابەتەکەمە دەمەوێ بلێم:

بنەمای هەموو شتێك لە ژیان -بەتایبەتی یاسا- دووستوونەی هەیە، کە بەبێ ئەم دوو ستوونە هیچ شتێك بەتەواوی دروست نابێت، و ئەگەر بەجۆرێکیش دروست بوو ئەوا وەکو کەم ئەندامێکی سەقەتە، و ئەرکی خۆی جێبەجێ ناکات، و ئامانجی خۆی ناپێكێ. و بۆ تیشک خستنە سەر ئەم بابەتە نامەوێ وەکو شتێکی تیۆری باسی بکەم، هەروەک لە پۆلەکانی خوێندن،  بەڵکو بە نموونەی کرداری بۆتانی روون دەکەمەوە، بۆیە ئەم نموونانەی خوارەوەتان بۆ باس دەكەم.

نموونەی یەکەم: سیستمی دیموکراسی:

دیموکراسییەت کە سیستەمێکی ڕامیاریی ‌‌حكومدارییە، لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا هەیە، و مێژووی سەرهەڵدانی دەگەرێتەوە بۆ زەمانی فەیلەسووفەکانی یۆنانی و رۆمانی کۆن، و چەند جۆرێکی هەیە وەکو دیمۆکراسییەتی ڕاستەوخۆ و دیموکراسیەتی ناڕاستەوخۆ ….. هتد. کە لەم وتارە کورتەدا دەرفەتی راڤەکردنی نیە، بەڵکو شوێنی راڤەکردنی لە هۆڵەکانی خوێندنی بەشی یاسا یان بەشی رامیارییە کە لەکۆلێژەکانی یاسا و رامیاری خۆیان دەدۆزنەوە. و دیموکراسییەت وەکو سیستمێکی رامیاری پێناسە دەکرێت کە سیستەمێکی رامیارییە بۆ درووست کردنی بریار لە دەزگایەك یان رێکخراوێك یان ولاتێك، بەڵام ئەوەی زەقە لە دیموکراسییەت ئەم دوو ستوونەیە، ستوونی رواڵەتی کە بریتییە لە دەزگاکان وەکو دەزگای هەلبژاردن، دەستپاکی، شەفافیەت، سەندیکاکان، رێکخراوەکانی کۆمەلگەی شارستانی، ئەنجومەنەکانی نیشتمانی،  پارێزگا، شارەوانی… هتد. و هەروەها ستوونی بابەتیی کە بریتییە لە چۆنیەتی کارکردنی ئەم دەزگایانەدا: بە ئازادی دەنگدان، شەفافییەت، نەبوونی پاڵەپەستۆی حزبایەتی، دەرچوونی پالێوراو بەحهقی خۆی، نەبوونی تەزویر، دوور لە هەڕەشە و چاو سوورکردنەوە، دوور لە بەخشینەوەی پارە و شتومەک، دوور لە دابەشکردنی پلە و پۆست، یەکسانی…هتد. بەڵام ئەوەی ئێمە دەیبینین لە زۆربەی سیستەمەکانی حوکمرانی لە زۆر لە وڵاتەکاندا تەنها یەک ستوونی هەیە ئەویش ستوونی روالەتییە،و بابەتییەکەی هیچی جێبەجێ نەکراوە.

نموونەی دووەم: پێکهێنانی خێزان:

          لای هەموومان دیارە چوونە ناو ژیانی خێزانداریەتی بابەتێکی هەرەگرنگە لە ژیاندا، بۆیە هەندێ جار هەندێ لە دۆست و برادەران کە پرۆسەی هاوسەرگیرییان بۆ کچەکانیان یان کوڕەکانیان هەیە، داوام لێدەکەن کە بچم بە شێوەیەکی شەرعی گرێبەستیان بۆ بکەم، ئینجا لە کاتی گرێبەستەکە بۆ ماوەی چەند خولەکێک قسەیان بۆ ئەکەم، و بەم قسەیە دەست پێئەکەم و ئەلێم؛ ئازیزەکانم بزانن پرۆسەی هاوسەرگیریی تەنها لەبەرکردنی بەدلەی بووکێنی و ئاهەنگ و چەپڵە رێزان و جووت بوون نیە، بەڵکو ژیانە، لێپرسیاریەتییە….هتد. بەڵاام بەداخەوە گەنجان ئەو بایەخەی پێنادەن کە پێویستیەتی، بۆیە جێگای سەرنجە کە بابەتی وتارەکەمان خراوەتە زۆربەی دامو دەزگاکان، و بگرە شانە کۆمەڵایەتییەکان، و دەزگا زانستییەکان، زۆر بە زەقی خراوەتە ناو پرۆسەی درووستکردنی خێزان لە نێوان دوو گەنجی پێگەیشتوودا، ئەم پرۆسەیە پێویستیی بەهەندێك شتی رواڵەتی هەیە، وەکو ئاهەنگ و کڕینی کەل وپەل و زێر بۆ بووك و دانانی ماڵ خانوو ئۆتۆمبێل…هتد، بەڵام لایەنە بابەتییەکەی لێکتێگەیشتنی نێوان کور و کچ، و شیاوییان بۆ یەکتر، و پەروەردەکردنیان بە جۆرێك بتوانن بەختەوەری ژیان ببەخشنە یەك، یەکتری قبووڵ بکەن، و بتوانن ئەرکی خێزانداری لەگەڵ یەك هەڵبگرن، و چۆنیەتی پاراستنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو خێزانی گەورە، و رێزگرتن لەو هیوا و ئاواتانەی دایکەکان وباوکەکان کە لەسەر ئەم دوو هاوسەرە بنیاتیان کردووە، و تەواوی بەخشینی سۆز و ئەوینداری بۆ یەك تر، و چۆنییەتی یەك رابوون لەسەر ماڵ و پەروەردەی منداڵ، و پلان دانان بەشێوەیەکی عاقڵانە بۆ بەدیهێنانی ئاواتەکان وپێداویستییەکانی ژیان، بەبێ پێ داگرتن لەسەر شتێك کە لە توانای مێردەکە یان ژنەکە نەبێت و هەڵگرتنی لێپرسیارەتی ئەرکەکانی خێزانداریەتی.. هتد.

راستە شتە روالەتییەکان گرنگن و پێویستن، و خۆشی و شادییەک دەدەن بە بۆنەکە، و زۆربەی ئایینەکان یان داب و نەریتەکانی کۆمەڵگا رێکیان خستووە، و شێوەیان بۆ داناوە، تەنانەت خۆشەویستمان پێغەمبەری ئیسلام محمد(د.خ) دەربارەی ئاهەنگی بووك گواستنەوە بە گوێرەی ئەو زەمانە  فەرموویەتی: (أجعلوها في المساجد واضربوا عليها بالدفوف)، ئاهەنگەکە بخەنە مزگەوتەکانەوە و دەفی بۆ لێدەن، بەڵام درێژ خایەنی و بەختەوەری هەمیشەیی نابەخشن، بۆ نموونە ئاهەنگ، وێنە گرتن،  وبانگهێشتکردنی میوان، و چەند شتی تر بۆ یەك جارە و دووبارە نابنەوە، و هەرچۆنیك بێت بێ کەم وکوڕی نابێت ئەگەر لە میوانخانەی پێنج ئەستێرەش بکرێت، و نابێت بکرێت بە کێشەیەکی گەورە، بەڵام شتە بابەتییەکان زۆر گرنگ و درێژ خایەنن، و بەختەوەری خێزانی ئەبەخشن، و شوێنەوار لەسەر منداڵەکان و ژیانیان و ژیری و وریاییان ئەبێت، بۆیە دووەمیان کە بەشی بابەتییە زۆر زۆر گرنگترە لە یەکەمیان، بەڵام ئەوەی لە کۆمەڵگەماندا دیارە گەنجەکان زۆر بایەخ بە رواڵەتییەکان دەدەن، و ئەبێنین زۆر جار ناکۆکی و بگرە جیابوونەوە درووست ئەبێت لەسەریان، بەڵام بابەتییەکان هەر باس ناکرێت یان زۆر بە سەرزارەکی باسدەکرێن، دواتر کە کەوتنە ناو ژیان و شتە کردارییەکانی ئینجا هەستی پێئەکەن و نرخ و بەهای ئەزانن ئینجا لێرە گرفتەکان دەست پێدەکەن، بۆیە ئێستا زانایەکانی دەروونناسی وا بەباش ئەزانن کە گەنجەکان ئەیانەوێ هاوسەرگێری بکەن دوای دەستنیشانکردنی یەکتر و پێش گواستنەوە خولێک ببینن بۆ ئەم بابەتە بۆ ئەوەی ئامادە بکرێن بۆ ژیانی تازە چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی یان هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ گرفتەکانیدا.

نموونەی سێیەم: زانکۆ وپەیمانگاکان:

لە ئاستی زانکۆ و پەیمانگاکان هەمان دیاردە ئەبینین ئەویش کە قوتابییەکان زۆر گرنگی بە لایەنە رواڵەتییەکان دەدەن زیاتر لە بابەتییەکان، وەکو وێنەگرتن، گەشت، ئاهەنگ و چالاکییەکانی جیا لە خوێندن، ئەوە بێجگە لەچاو چاوانێ و فشە و گاڵتە و نوکتەبازی و خۆسووککردن، مۆدێل و ماکیاج و جەلی و هەموو رۆژ گۆڕینی جلک و چەند شتی تر، بە جۆری قورسترین شت لایان هۆڵی خوێندنە، یان چاو بە کتێب داخشاندنە، مامۆستای جددی لایان دوژمنە، بۆیە ئەبینین ئاستی خوێندن و رۆشەنبیری یەك جار دابەزی، بەم جۆرە ئاستی دەرچووی زانکۆ وپەیمانگەکان دائەبەزێ و کاریگەری لەسەر کۆمەڵ دائەبەزێت. زانکۆ یان پەیمانگەکان وقوتابخانەکان بۆ ئەوە دانراون کە قوتابی زانست وەربگرێت، و ئاستی مەعریفی زیاد بکات، و ئەسەری لەسەر رەفتار و هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەورووبەری زۆر روون بێت، و رۆژ بە رۆژ زیاد بکات لە رەفتار بەرەو  پێگەیشتنی زیاتر بروات، و بەرەبەرە رۆڵی لەناو کۆمەڵ پتەوتر و دیارتر و وکاریگەرتر بێت، و ببێتە جێی متمانەی کۆمەڵ، و کەسوکاری و هەڤاڵەکانی پشتی پێببەستن، و سوودی لێ وەربگرن، وەکو ئەندامێکی کاریگەر، چرایەکی پرشنگدار لە ناو خێزان، کۆمەڵ، زانکۆ،…هتد ، بۆیە پێشتر قوتابی کە لەشەشی سەرەتایی دەردەچوو، دەچوو بۆ خولی مامۆستایی ریفی کە چەند مانگێک بوو، و مامۆستای زۆر چاکیان لێ دەردەچوو، و ئاستی مەعریفییان بەرز دەبوو، و خەت و قەڵەمێکی زۆر جوان و رێکیان دەبوو و لەناو کۆمەڵگە جێگا و رێگایان دیار بوو ، و جێی متمانەی خەڵك بوون کە خەڵکان راوێژیان پێ دەکرد، و لەسەدەی رابردوو زۆربەیان بوونە پێشەنگی پارتە سیاسیەکان و بزوتنەوە شۆڕشگێرییەکان، و رۆلی بەرچاویان هەبوو لە پێگەیاندنی رۆڵەکان، کەچی ئێستا قوتابی دەرچووی زانکۆ یان پەیمانگەکان زۆرن، بەڵام بەداخەوە نازانێ داواکارییەك بنووسێت، لە ناو کۆمەڵگە شوێنی نیە، سوودی بۆ دەورووبەری دیار نیە، تەنها خەریکی چات و کۆمێنتی بێ مانا و بێ سوودە، هەمیشە لە کافتریاکان بە رۆژ و بە شەو خەریکی نێرگەلە و دۆمینە و یارییە،کاتی هەموو بە فیرۆ دەدات و بەهای هیچ شتێك نازانێ، بوونەتە بارگرانی لەسەر کۆمەڵ و کەس و کاریان، لەگەڵ ئەوەشدا خۆی بە بەشخوراو دەزانێ، و بێزاری لە حکومەت و نیشتمان و کۆمەڵ پیشان دەدات .

خوێنەری ئازیز : بۆ ئەم بابەتە نموونە زۆرە و ئەمەی سەرەوە تەنها مشتێك بوو لە خروارێك، بەڵام شتە هەرە گرنگ و پەیوەندیدارەکان بوو بە ژیانی ئێستامان. وەکو سیاسەت، خێزان، زانست. ئاواتە خوازم کە نەوەکانمان سوودی لێ وەربگرن، بە تایبەتی ئەو کەسانەی تێوە گلاوی ئەم بابەتانەن لەم بوارانەی باس کران.

 لەگەڵ رێزم بۆ هەموو خوێنەرانی  گۆڤاری شایانی خۆشەویست، هەتا وتارێکی تر خوداتان لەگەل.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *