لێوی کەروێشکی (cleft lip)

قڵیشی لێو یان (لێوی کەروێشکی) (cleft lip)

یەکێکە لەو ناتەواوییەی کە بەشێک لە مندالان هەر لە لەدایک بونیانەوە تێکچونێک لە شێوەی دەرەوەی دەمو چاویان بە تایبەتی لە لێوی سەرەوەی مندالەکەدا هەیە، ئەویش بە كرانەوەی لێوی سەرەوەی، واتا لێوی سەرەوەی وەکو مرۆڤی ئاسایی یەک پارچە نیە، بەڵکو لەلایەکەوە یان لە هەردوو لاوە قڵیشانێک هەیە کە هەندێک جار درێژ دەبێتەوە و  دەگاتە لووت.

هۆكاری ئەم حاڵەتە كاتێك روودەدات كە شانەکانی سەر لە نزیکی ناوەڕاستی ڕووخساردا بۆیەک دێنەوە تا دەم و لێو پێکبێنن، بەڵام لە بەشی سەرەوەی لێو و مەڵاشوو دا شکست دەهێنن، لەوەی بەباشی یەکبگرن. ساڵانە نزیکەی %0.01ی منداڵان بەو شێوەیە لەدایک دەبن، ڕێژەكە بەرچاوە و بەگشتی لە کوڕاندا زیاترە وەک لە کچان.

بە شێوەیەکی گشتی لە زۆرینەی ئەو حالەتانەی کە روویان داوە، تا ئستا بە تەواوەتی نەزانراوە كە هۆکاری دروستبوونی ئەو ناتەواوییە چییە، بەڵام بەپێی هەندێك لە توێژینەوەكانی كە لەلایەن هەندێ لە دامودەزگا تایبەتەكان بە لێکۆڵینەوە لە نەخۆشییە زگماکییەکاندا ئەنجام دراون،  ئاشكرایان كردووە كە زۆربەی ئەو منداڵانەی ئەو ناتەواوییەیان هەیە  ئەوانە بوون کە دایک و باوکییان پەیوەندیی خزمایەتییان لە نێواندا هەیە، واتا دەتوانین بلێین هەندێک جار هۆکارەکەی بۆماوەییە. هەروەها توێژینەوەکان ئەوەشیان دەرخستووە کە  زۆربەی ئەو دایکانەی منداڵیان تووشی ئەم حاڵەتە بووە، ئەو دایکانە بوون کە لە ماوەی دووگیانیدا جگەرەیان كێشاوە، یاخود بەکارهێنەری  ماددە كحولییەكان و یاخود هەندێك جۆری دەرمان بوون، و کەمی ڤیتامین B folic acid، توشبوون بە ڤایرۆس یان نەخۆشیی و بەرکەوتن بە ماددەی کیمیایی، هەموویان کاریگەریی زۆر خراپیان لەسەر دروستبوون و گەشەکردنی کۆرپەلە هەیە.

ئەو کێشانەی منداڵەکە لە کاتی هەبوونی ئەم نا تەواوییەدا تووشی دەبێ جۆراوجۆرن وەکو (کێشەی بیستن بەهۆی کۆبوونەوەی ئاو لە گوێچکەدا، و رەنگە ببێتە هۆی کەڕبوونی مندالەکە، هەروەها کێشە لە شیر خواردندا، کێشەی دروستبوونی ددان بە شێوەیەکی نارێک، یاخود لە ناوچوونی ددانەکان بە ئاسانی. هەروەها کێشەی قسەکردن و داننان بە وشەکاندا). بۆیە پزیشکان ڕێنمایی دایکان دەکەن کە لە ماوەی دووگیانیدا خۆیان لە بەکارهێنانی ئەو شتانەی کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستیی کۆرپەلە دروست دەكەن، بە دوور بگرن، پێوستە دایکان مانگانە سەردانی پزیشكی پسپۆر بكەن بۆ دڵنیابوون لە  تەندروستیی منداڵەکیان، بۆ ئاگاداربوون لە جۆری خواردن و ێژەی ڤیتامینەکان لەجەستەدا و ئەنجامدانی وەرزشێكی تەندروست .ئەوانە ئەکرێ وەکو خۆ دورخستنەوە و  کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبونیی منداڵەکە بەم نەخۆشییە زگماکییە بەکار بێن، چونكە گۆڕانێکی فیزیایی لە شێوە و ڕووخساری منداڵکەدا دروستدەبێت، دەكرێت لەڕێگەی سۆناری پێش لە دایکبوونی منداڵەکەوە، قڵیشی لێو دیاری بکرێ و ئەگەر لە ماوەی کۆرپەلەییشدا دیاری نەکرا، دوای لەدایکبوون بە تاقیکردنەوەی فیزیایی دیاری دەکرێت.

 

چارەسەریی

بە شێوەیەكی گشتیی قڵیشی لێو (لێوی كەروێشكی) بە ئەنجامدانی نەشتەرگەریی چارەسەر دەکرێت، ئەم نەشتەرگەرییە لە چەند مانگی سەرەتای تەمەنی كۆرپەدا پەسەندە، ئەگەر پووکی سەرەوەی بەرکەوتەی ئەو قڵیشە بوو، چاندنی ئێسکی بۆ دەکرێت. لە چارەسەرکردن و نەشتەرگەریی ئەم حاڵەتەدا تیمێک لە پزیشک و پسپۆران بەشداری دەکەن بۆ پێشکەشکردنی باشترین ڕێگەچارە، لەوانە پزیشکی نەشتەرگەری جوانکاری، پسپۆڕی بیستن و گوێ، پزیشکی ددان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی تایبەت بە دەنگ و قسەکردن، پسپۆری نەخۆشییەکانی قورگ و لووت و گوێ. تەنانەت لەدوای سەرکەوتنی نەشتەرگەریەکەش چاودێری گەشەی پووک و شەویلگە و هەڵسەنگاندی قسەکردن و بیستن بۆ منداڵەكە دەکرێت، تا کاتی باڵغبوون و وەستانی گەشەی تەواوەتی خۆی، ئەمەش بۆ دڵنیابوون لە ئەگەریی بەجێمانی هەر کاریگەرییەکی نەرێنی حاڵەتەکە و چارەسەرییەکانی.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *