نائارامی نێو ئارامی – شنیا محەمەد

 

شنیا محەمەد
قۆناغی سێیەم
بەشی شیكاری نەخۆشییەكان
زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك – هەولێر

زۆر جار هەبووە کاتێک بە تەنها و لە ژوورەکەی خۆمان یان لە ماڵەکەی خۆمان بە ئارامی دانیشتووین، هەست دەکەین نائارامین و شتێک کەمە و لەجێی خۆی نیە، بە شتێک نائارامین و نازانین چیە، هەرچەند دەتەوێ کەمێک مێشکت ئارام بکەیتەوە، بەڵام لەو کاتانەدا بیرکردنەوەکان هێرش دەهێنن و ماندوومان دەکەن، ڕێگە نادەن کەمێک بە ئارامی دابنیشین و پشوویە وەربگرین، لە جەنجاڵی ژیان کردن و کارکردن کەمێک دووربکەوینەوە، بیرکردنەوەکانیش تێکەڵن، نەک ئەوەی کە سوودێکیشیان هەبێت لەو کاتەدا، بەڵکو زیاتر مێشکمان ماندوو دەکەن، لایەنێکی کە زیاتر ئازارمان دەدات ئەوەیە کە بیرکردنەوەکان ناتوانن ئەو کێشانە چارەسەر بکەن، بگرە زۆر جاریش خراپتری دەکەن، جا دەکرێت ئەم بابەتە سەرهەڵبدات بۆ نەبوونی متمانە بە چواردەور، تەنانەت زۆر جار ئەو کەسانەشی کە لێیانەوە نزیکین و متمانەی زۆرمان پێیانە، دەرەنجاکەمەشی بریتی دەبێت لە تووشبوون بە ڕەشبینی، دەکرێت ببێتە هۆی تووشبوون بە ڕەشبینییەکی کوشندە.

زۆر جار کەسانێک کە زۆر نایانناسین یان تازە ناسیومانن لە کەسێک لێمانەوە نزیکتر دەردەکەون کە چەند ساڵە دەیانناسین، لە هەندێک کاتدا وەک بڵێیت چاوەڕوانی ئەو کەسە بووین بەبێ ئاگایی خۆمان کە بێت و بماندوێنێت، هێندە هەستەکانمان لە ناوەوە کۆبۆتەوە و قەتیس ماوەتەوە، وەک بڵێی کۆتا دڵۆپەی ئاوە و لێی ڕژابێت، بەڵام، چی دەبێتە هۆی ئەوەی کە خۆمان بە دەستی خۆمان، هەندێک جار بێ ئەوەی بمانەوێ یان ئاگامان لێبێت بخەینە بارودۆخێکی نائارامییەوە؟ چ پێویستی دەکرد کە ژینگەیەکی وا بۆخۆمان درووستبکەین؟ نەزانین بەرەو کام لا هەنگاو بنێین؟ بەرەو کوێ بڕۆین و یەکەم هەنگاو بۆ کوێ بنێین؟ وەڵامەکەی ئەوەیە، ئەسڵی مرۆڤ وا درووست بووە کە نائارام بێت، بە شێوازێك کە ئارامیمان لەلا نامۆ بێت و نائارامی ئاسایی بێت، لە سەرەتای لە دایکبوونمانەوە دەستمان کرد بە گریان، ئاسوودە نەدەبووین مەگەر تەنیا لە ئامێزی دایک و باوکماندا نەبێت، شوێنی ئەسڵی ئێمە دنیا نەبوو و هاتینە کەشێکی تەواو نائارام و جیاوازەوە، و دەبێت دەست بکەین بەوەی کە لەنێو نائارامییەکان ئارامییەکان بدۆزینەوە، ئەگەر نەشبوو و نەماندۆزییەوە خۆمان درووستیان بکەین، بەتەنها ڕەشاتییەکان نەبینین، بەڵكو بگەڕێین بە دوای سپێتییەکان لەنێو ڕەشاتییەکاندا.

بۆ دۆزینەوەی سپێتییەکان دەبێت جووڵەیەک هەبێت، شتێک ڕووبدات، کەسێک لە دەست بدەین، یان شتێک لە دەست بدەین، شتێکمان بەسەر بێت، پێویستە وزەیەک درووست ببێت، تا لە بەرامبەردا شتێک بە دەست بهێنین، ڕووناکییەک بدۆزینەوە، کە شایانی ئەوە بووبێت ئەو قوربانییە بدەین، یاخود ئەو شتە یان ئەو کەسە لە دەست بدەین، چونکە بۆ دەستکەوتنی چەندان شت و چەندان کەسی باش، پێویستە هەندێکیان لە دەست بدەین، وەک چۆن ئەوەی تا کووپەکە بەتاڵ نەکەین ناتوانین شتی پاکی تێبكەین، بەهەمان شێوە ئەو ڕووداوانەش ڕوونەدەن ناتوانن بمانگەیێن بەو دەرەنجامە باشانە.

لە کاتی ئەنجامدان و هەنگاونان و بڕینی ڕێگاکە، زۆر شت دەردەکەوێت و ڕوون دەبێتەوە، ڕەنگەکان خۆیان دەردەخەن، دەردەکەوێت کە لە کاتێکدا ئێمە بەدوای سپیدا دەگەڕاین، زۆر ڕەنگی ترمان دۆزییەوە، کە سەرەکیترینیان ئەوەیە، بەتەنها ڕەش و سپی بوونی نیە، بەڵکو لە نێوانیاندا ڕەنگی خۆڵەمێشی و تۆنەکانی تریش هەن، بە هەمان شێوە بۆ ژیانیش، هەموو ڕەنگەکان لە نێو خۆماندا هەیە، ڕاستی ئەوەیە کە ئێمە بە دوای ئەزمووندا بگەڕێین و هەوڵێ فێربوون بدەین لێیانەوە، بەدەستهێنانی ئەزموون، ژیان کردن، یەکێک لە هەنگاوەکان یان بەشەکانی نائارامی، دروستکردنی ئارامییە لەنێو بازنەی نائارامیدا، بە پێچەوانەی ئەوەی کە هەمیشە لەنێو بازنەیەک بین، هیچ نەکەین و چاوەڕێ بکەین وەکو بەچکە چۆلەکەیەک خواردن بکرێت بە دەممانەوە، کەس بە کەوچکی ئاڵتوونی لە دەمیدا لە دایک نابێت، هەر بۆیە باشترە ئارامییەک بۆ خۆمان دروستبکەین لەنێو بازنەی نائارامی، بەواتای ئەوەی مەرج نیە هەر کاتێک کەوتینە بارودۆخێکی شلۆقەوە هاوسەنگیمان تێکبچێت، دەکرێت ئەمە دەرفەت بێت بۆ بەخۆدا چوونەوە، بۆ زیاتر خۆناسین، لەبەر ئەوەی پڕۆسەکە خودی فێربوون و سەرکەوتنەکەیە نەک ئامانجەکە، هەرگیز مرۆڤ لە هەوڵدان نەوەستێت، چونکە بە هەڵەیەکی ئێمە دنیا هیچی لێنایەت، بەڵام بەبێ بوونی ئێمە زۆر شت کەم دەبێت، و بوونی هەر مرۆڤێک لایەنێکی لە ژیان پڕکردۆتەوە، هەموومان لەپێناو ئامانجێک و ڕێگایەک بەدیهاتووین کە کەسێکی تر لە جێی ئێمە ناتوانێت بیانکات و بە ڕێگاکەدا بڕوات، گرنگە لێی تێبگەین و ئێمە ئەو بەش و لایەنە پڕ بکەینەوە، چونکە هیچ کەسێک لەم ژیانەدا بێ ئامانج نیە.