عه‌بدولستار جه‌بارى
نووسەر-كه‌ركووك
ئه‌ده‌بیات ژانر و شێوازى زۆرى هه‌یه، لێره‌دا ئاماژه به ژانرێكى جیاواز و ده‌گمه‌ن ده‌ده‌ین ئه‌ویش “ئه‌ده‌بیاتی زیندانه یان به‌ندیخانه یاخود گرتووخانه” نووسینه‌وه‌ى ئه‌ده‌بیاتى زیندان پێكهاتووه له‌مجۆرانه:
یه‌كه‌م: ئه‌وانه‌ى له‌نێو به‌ندیخانه ده‌نوسرێن، كه بریتیه له داتا و رۆژانى بردن و هاوردنى بۆ لێكۆڵینه‌وه و ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌دان و خاڵین له هه‌ست و سۆزى ئه‌ده‌بیانه.
دووه‌م: ئه‌وانه‌ى له‌نێو به‌ندیخانه ده‌نوسرێن، به‌ڵام به‌شێوازى رۆمان و چیرۆك و شیعر، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆر روون نین و زیاتر هێما به‌كارده‌هینن و ناوى شوێن و كاته‌كان دیارى ناكرێن، جا به‌شێوازى شیعربێ یان چیرۆك یاخود رۆمان بۆنموونه رۆمانى “رۆژهه‌ڵاتى ناوین”ى عه‌بدولره‌حمان مونیف و كه‌سانى تر.
سێیه‌م: ئه‌وانه‌ى له‌ده‌ره‌وه‌ى به‌ندیخانه‌كان ده‌نووسرێن، واتا پاش ئازادبوونیان به‌ڵام باس له چیرۆكه تاڵ و تراژیدیاكانى پشت ته‌لبه‌ندى به‌ندیخانه ده‌كه‌ن.
چواره‌م: ئه‌وانه‌ى له‌ده‌ره‌وه‌ى به‌ندیخانه‌كان ده‌نووسرێن، وه‌لێ نووسه‌ره‌كانیان به‌ند نه‌كراون، به‌ڵام پاش گوێگرتن له چیرۆكى زیندانییه‌ك و له‌سه‌ر كاریگه‌رى ئه‌و ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌یه ده‌ینووسێته‌وه كه بیستوویه‌تى.
ئه‌ده‌بى به‌ندیخانه ده‌ربڕینێكه په‌یوه‌ندىی به سۆز و ویژدان و مرۆڤایه‌تیەوە هەیە و به‌شێوازێكى هونه‌رى تێكه‌ڵ به فه‌نتازیاوە ده‌ریده‌بڕن، وه‌كو “شیعر و چیرۆك و رۆمان و ته‌نانه‌ت ده‌قى شانۆیى و بیره‌وه‌ریش” ده‌گرێته‌وه. جیاوازى له‌وه‌دایه له كه‌شێكى خۆش و له هۆڵه مه‌زن و رازاوه‌كان، یان له كاتى ئاسوده‌یى و خۆشگوزه‌رانى و له‌جێژوانى ئاشقانه و له‌نێو ره‌ز و باخ و مێرگ و له‌ژێر دره‌خت و سه‌داى ئاوازى بولبول و قاسپه‌ى كه‌ودا نه‌نووسراون، به‌ڵكو له پشت ته‌لبه‌نده‌كانى به‌ندیخانه‌وه و له كه‌شێكى ئازاراوى، بارگاوى به ئه‌شكه‌نجه‌ى جه‌سته‌یى و ده‌روونى و له‌سایه‌ى ئێش و ئازار و و دان به‌خۆداگرتن و رامان و خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه و هیوا و ئاوات به بانه‌رۆژێكى پرشنگدار و هه‌ڵهاتنى خۆرى ئازادی‌دا نووسراونه‌ته‌وه. ده‌ربڕی قوڵایى ده‌روون و ناخێكی تژى له په‌ژاره و خه‌م .گه‌ر چاوێك به‌مێژووى ئه‌مجۆره ئه‌دبیاته بگێڕین بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت نووسه‌رانى ڕووس پشكى شێریان به‌رده‌كه‌وێت، به‌تایبه‌تى له‌ماوه‌ى حكومڕانى گه‌روره دیكتایۆرى سه‌ده‌ى بیست “ستالین” .
كورد و زیندان
نووسه‌ر سالار مه‌حمود له‌مباره‌یه‌وه ده‌لێ: (مێژووی كورد پڕه له چیرۆكه جیاجیاكانی زیندان، مرۆڤی كورد له‌سه‌ر خاكی خۆی، له‌ناو شاری خۆی زیندانی كراوه. براوه‌ته مه‌نفا زیندانی كراوه. دوورخراوه‌ته‌وە بۆ جه‌زیره و سه‌حراكان و قه‌ڵا دووره ده‌سته‌كان، له‌وێ زیندانی كراوه.
ئه‌گه‌ر ناودارترین زیندانه‌كانی مێژوو ناوبێنین وه‌ك زیندانی “ته‌دمور، لاسانتی، ئاوشڤێتز، كاره‌دیرۆ” ئه‌وا زیندانی “دیاربه‌كر و نوگره‌سه‌لمان و ئه‌بوغرێب و زیندانی موسڵ” ترسناكترین و هاوشێوه‌ی زیندانه تاریكه‌كانی جیهانن. چیرۆكه‌كانی كورد و كوردستان به هونه‌ر و ده‌نگ و شیعر و نه‌خشاندن و ئازار و ئاوازی ئازادی تۆماركراون.
كورد دونیایه‌ك ده‌ستنوس و تابلۆ و یاداشت و سه‌ربرده‌ی تاڵی زیندانی هه‌یه. زیندان له‌و وڵاتانه‌ی كوردستانی به‌سه‌ردا دابه‌شكراوه شوێن و وێستگه‌ی دابڕین و لێ سه‌ندنه‌وه‌ی ئازادی و دابڕان له دونیای ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤی كورد بووه، به‌ئامانجی تێكشكاندن و فه‌وتاندن و داماڵین له‌كه‌سایه‌تی و مرۆڤ بوون.
له‌وه‌ته‌ی مرۆڤ هه‌یه، تێكۆشان به‌دوای ئازادی‌دا هه‌بووه و هاوته‌ریب زیندان هه‌بووه. مرۆڤی كورد هێشتا له‌ناو بێده‌ره‌تانی ئه‌و چاره‌نووسه‌دایه. به‌هه‌موو شێوه‌كانییه‌وه، زیندانی به‌كۆمه‌ڵ و زیندانی تاك. كورد جگه له‌چه‌شتن و تاقیكردنه‌وه‌ی هه‌موو جۆره‌كانی زیندانیكردن، بێ جێی نابێ بڵێم له‌وه‌ته‌ی كورد هه‌یه زیندان هه‌یه و گه‌له‌كۆمه‌ی لێ سه‌ندنه‌وه‌ی ئازادی له‌كورد هه‌یه! هه‌ر بۆیه له ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا زیندان پانتاییه‌كی به‌رینی گرتوه. له‌مێژووی رزگاری نیشتمانیدا زیندان سه‌نگه‌رێكی تره، له چیرۆكه‌كانی تاواندا زیندان تاریكترین مۆڵگه‌ی رووناكی كوژ و ئازادی خنكێنه.
له جیهاندا نوسین و رۆمان و چیرۆكه‌كانی زیندان زۆرن، هه‌ڵبژارده‌ی نامه‌كانی زیندانی گرامشی، زیندانییه‌كی بێ ناوی ماندێلا، بیره‌وه‌ریه‌كانی ژنێكی زیندانی نه‌وال سه‌عداوی، لای شاعیران و نوسه‌رانی كوردیش ده‌ق و باس و خواستی زیندان زۆرن. *
وه‌لێ ئێمه لێره‌دا مه‌به‌ستمان نووسه‌رانى كورده و هه‌ردوو نوسه‌ر و شاعیر، پێشه‌نگى بوارى ئه‌ده‌بیاتى زیندان له پیاوان “غوڵام ڕه‌زاى ئه‌ركه‌وازی” وه‌كو ره‌گه‌زى نێر، كه تاكو ئێستا بۆمان ساغ بووه‌ته‌وه و “مه‌هاباد قه‌ره‌داغى” وه‌كو ره‌گه‌زى مێ پێشه‌نگه و لێره‌دا هه‌ردووكیان به‌نموونه دێنینه‌وه.
ئه‌ركه‌وازی ناوى ته‌واوى “غوڵام ڕه‌زا خانی ئه‌ركه‌وازی”یه و له‌ساڵى 1770 ز هاتۆته دنیایه‌وه و له ساڵى 1834 ز كۆچى دوایی كردووه. یه‌كێكه له شاعیره مه‌زنه‌كانی كورد، خاوه‌نی زۆرترین به‌رهه‌می زیندانه.
به‌پێی وته‌ی به‌ساڵاچووانی نه‌وه‌كانی شاعیر: ناوی غوڵام ڕه‌زا كوڕی حه‌سه‌ن به‌گ كوڕی میرزا به‌گ كوڕی میه‌سم به‌گ كوڕی ئه‌حمه‌دقولی كوڕی میاخ (یان بیاخ) بووه، به‌ڵام له نووسراوی فه‌رمانی زیندانیكردنی له‌لایه‌ن (حه‌سه‌ن خان)ی والی پشتكۆوه ناوی شاعیر به (تژمال غولام ڕه‌زا) هاتووه. ئه‌م شاعیره له سه‌رچه‌فته‌ی گوندی بانویزه‌ی سه‌ر به ناحیه‌ی چواری پارێزگای ئیلام له‌دایك بووه. به‌هۆی ناكۆكی له‌گه‌ڵ والی پشتكۆ ساڵی ١٨٠٤ز فه‌رمانی زیدانیكردنى ده‌رده‌كات. شاعیر له ماوه‌ی مانه‌وه‌ی له به‌ندیخانه‌دا هه‌ر (٢٤) بیست و چوار به‌ندی موناجاتاكه‌ی ده‌نووسێت كه به‌شی هه‌ره زۆری دیوانه‌كه‌ی پێكدێنێت. هه‌ندێك ده‌ڵێن هه‌ر ئه‌م داهێنانه ده‌بێته مایه‌ی سه‌رسامیی والی و ئازادی ده‌كات، به‌پێی وته‌یه‌كی دیكه‌ش په‌رجوئاسا، زنجیره‌كان ده‌پسێنێت و ڕووده‌كاته ژێرده‌سه‌ڵاتی عوسمانی (كرند) و دواتر ڕووده‌كاته عێراق و هه‌ر له‌وێش كۆچی دوایی ده‌كات، وه‌ك ده‌ڵێن ئه‌گه‌ری هه‌یه له گه‌وره گۆرستانى شارى نه‌جه‌ف له‌خوارووى عێراق نێژرابێت.
جگه له موناجاتنامه‌كه‌ی، چه‌ند شیعرێكی دیكه‌ی هه‌یه، یه‌كێك له‌و شیعرانه (باوه‌یاڵ)ـه، كه شیننامه‌یه بۆ مه‌رگی (ئه‌حمه‌د خان)ی كوڕی. باوه‌یاڵ ناوی شاخێكی ده‌ڤه‌ری ئیلامه.
ئه‌مه‌ش چه‌ند دێڕێك له شیعری شیننامه‌ی باوه‌یاڵ:
وه باوه‌یاڵ دیم وه باوه‌یاڵ دیم
ئه‌وڕوو واوه‌ێلا وه باوه‌یاڵ دیم
حاواس په‌ریشان حاڵش حاڵ‌حاڵ دیم
سه‌ر تا پا به‌رگش سیازخاڵ دیم
سه‌ر قوله‌ێ كاوان وه سیا ته‌م دیم
دره‌ختان ژه خه‌م چوی چه‌وگان چه‌م دیم
داران دره‌ختان كه‌لاغی‌پووش دیم
كه‌پوو كه‌م ده‌ماخ بڵبڵ خامووش دیم
كه‌پوو وه‌و شین گاڵ گه‌رمه‌وه
چمان مرده‌ێ داشت وه ڕوی ته‌رمه‌وه
من و باوه‌یاڵ عه‌هدمان كه‌رده‌ن
من خه‌م و ئه‌و ته‌م تا ڕووژ مه‌رده‌ن
ڕووڵه یه ئاسار شكارگاهته‌ن
یه جاگه‌ێ كه‌ڵره‌م شوون راهته‌ن
ئه‌ڕا چوی جاران دیارت نییه‌ن
مه‌ر گڵكوو وه‌بان مه‌زارت بییه‌ن
گڵ وه بانم كه‌ن گڵ وه بانت دیم
ئێ دنیا وه‌كام دژمنانت دیم
…..
شاعیر و نووسه‌ر ” مه‌هاباد قه‌ره‌داغى” به‌نووسینى دوو كتێب له بوارى ئه‌ده‌بیاتى زیندان به‌ناوه‌كانى “ساڵێك له دۆزه‌خ و چلچرا” به‌شێوازى بیره‌وه‌رى و به‌تامى رۆمان نووسراوه‌ته‌وه، ده‌بێته پێشه‌نگ و ده‌سپێشخه‌ر له‌و بوارەدا، سه‌ركه‌وتنه‌كانى ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ى مه‌هاباد قه‌ره‌داغى له‌وه‌دایه: یه‌كه‌م ژنى كورده بیره‌وه‌رییه‌كانى ناو به‌ندیخانه‌ى نووسیوه‌ته‌وه. هه‌رچه‌نده به‌رله‌ویش ئافره‌تانى كورد به‌ندكراون و هه‌ندێكیان وه‌ك ئه‌م نووسه‌ریش بوونه” **” وه‌لێ خاتوو مه‌هاباد زۆر بوێرانه و راستگۆیانه و خامه‌پاكانه و بێ سڵه‌مینه‌وه شولى لێ هه‌ڵكردووه و سه‌رجه‌م بیره‌وه‌رییه تاڵه پڕ له ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌كانى خۆى نووسیوه‌ته‌وه، به‌جۆرێكه ئاسته‌مه كه‌سانى ئاسایی بتوانن به‌و شێوازه جوان و سه‌رنج راكێشانه بنووسن، هه‌روه‌ك له‌پێشه‌كى كتێبه‌كه‌ى “ساڵێك له دۆزه‌خدا”***” هاتووه ئۆسكار وایڵد ده‌ڵێ: “هه‌ر مرۆڤێ ده‌توانێ رۆمانێكى سێ به‌رگى بنووسێت، ئه‌وه‌نده‌ى ده‌وێت كه شاره‌زاییه‌كى ته‌واوى له‌باره‌ى هه‌ردووكیان، وێژه و ژیانه‌وه هه‌بێت” خۆشبه‌ختانه مه‌هاباد قه‌ره‌داغی خۆى به‌شیعر هاتۆته جیهانى ئه‌ده‌بیاته‌وه و دواتر له زۆر بوارى نووسیندا، رۆڵى گرنگى بینیووه و هه‌روه‌ك خۆى ده‌ڵێ: “من وه‌كو ئه‌ندامێكى كۆمه‌ڵگه‌كه‌م له ته‌مه‌نێكى زۆر زووى سه‌ره‌تای ژیانمه‌وه تێكه‌ڵ به‌كه‌شى گشتى بووم، به‌شدارى چالاكى سیاسى، ئه‌ده‌بى و كۆمه‌ڵایه‌تیم كرد، به‌و پێیه‌ش كه به‌رهه‌مى فیكرى خۆمم له‌شێوه‌ى كتێبى ئه‌ده‌بىی وه‌ك شیعر، چیرۆك، رۆمان و كتێبى كۆمه‌ڵناسى له‌شێوه‌ى لێكۆڵینه‌وه و په‌روه‌رده‌یى…”ل10” له كتێبى “ساڵێك له دۆزه‌خ”دا، ده‌ڵێ: سالێك له‌زیندانى به‌عسییه‌كان كه دۆزه‌خترین ساڵى ژیانم بووه،”ل13″ به‌ڕاستیش وایه و هه‌میشه به‌ندكراوه‌كانى ناوبه‌ندیخانه‌كانى به‌عس زۆر نزیك بوونه له مه‌رگ. له لاپه‌ڕه” 60″ ئاماژه بۆ راستی و دروستى ئه‌م قسه‌یه‌ى من ده‌كات كه چۆن جه‌للاده‌كه‌ى پێى ده‌ڵێ: ناتكوژین، به‌ڵام وات لێده‌كه‌ین ئاوات به مه‌رگ بخوازیت.. به‌ڵێ ئێمه هه‌موو ده‌زانین سه‌دان كه‌س له‌زیندانه‌كانى به‌عس ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌دراون، لێ كه‌م كه‌س هه‌یه وه‌كو مه‌هاباد ئه‌و وێنه‌یه‌ى ناو زێندانه‌كان وه‌كو كامیرامانێكى كارامه بۆ ئێمه‌ى دوور له‌و دۆزه‌خه وه‌كو خۆى بگوازێته‌وه، ئاخر باسكردنى له‌باره‌ى ئازار و ئه‌شكه‌نجه زۆر ئاسانه وه‌لێ چه‌شتنى زۆر ئاسته‌مه و من بۆخۆم له كاتى خوێندنه‌وه‌ى ئه‌م كتێبه چه‌ندینجار گریام و هه‌روه‌ك له‌لاپه‌ڕه”12″ مه‌هاباد خۆى هه‌ست به ئازارى خوێنه‌رانیش ده‌كات بۆیه هه‌ر خۆى ده‌ڵێ: بیره‌وه‌رى زیندانم نووسیوه‌ته‌وه مخابن ئه‌شكه‌نجه‌خانه‌كانم وه‌بیر هێناوه‌ته‌وه، كه ده‌زانم وه‌ك چۆن نووسینه‌وه‌ى ئازار سه‌خته، ئاواش خوێندنه‌وه‌ى دژواره، ده‌مه‌وێ راستگۆیانه باس له ساتى گریانه‌كان، بێزارییه‌كان، ترسه‌كان، تۆقینه‌كان، ساته ده‌روونییه پڕ له هه‌ژان و ورووژانه‌كانیش بكه‌م”. سه‌ركه‌وتنى نووسه‌ر له‌وه‌دایه هه‌ست به‌ئازارى خوێنه‌ریش ده‌كات وه‌لێ ناچاره به‌گێڕانه‌وه‌ى، چونكه ئه‌مه به‌شێكى گرنگه له‌مێژووى خه‌باتى گه‌له‌كه‌ى و زۆریش پێویسته بنووسرێته‌وه و هه‌روه‌ك “مامۆستا هێمن موكریانى” شاعیر له پێشه‌كى دیوانى “تاریك و روون”دا و له‌و شوێنه‌ى كه سوور ده‌زانى خوێنه‌ر خۆى پێناگیرێ و حه‌تمه‌ن گریان به‌رى قوڕگى ده‌گرێت، ده‌ڵێ: زگتان پێم نه‌سووتێ، ئه‌و ژیانه‌م بۆ خۆم هه‌ڵبژاردووه).
وێستگه گرنگه‌كانى ژیانى مه‌هاباد قه‌ره‌داغی
له 22-01-1966 له‌ساڵیادی دامه‌زراندی كۆماری كوردستان له شارۆچكه‌ی كفری كه سه‌ر به پارێزگای كه‌ركووكی باشووری كوردستان بووه، له دایك بووه هه‌ر بۆیه ناونراوه مه‌هاباد.
1978 له ته‌مه‌نی 12 ساڵییه‌وه ده‌ستی به نووسینی شیعر كردووه.
1980 له ئاداری ئه‌و ساڵه‌دا یه‌كه‌مین به‌رهه‌می شیعری له هه‌فته‌نامه‌ی هاوكاری بڵاوكراوه‌ته‌وه.
1980 له 27ی نیسانی هه‌مان ساڵدا لەلایه‌ن رژێمی به‌عسی عێراقه‌وه له سۆنگه‌ی شیعری به‌رگری زیندانی ده‌كرێت. له ئه‌شكه‌نجه‌خانه‌كانی ئه‌منی كفرییه‌وه بۆ به‌عقوبه و له‌وێشه‌وه بۆ زه‌عفه‌رانییه و دواتر بۆ ئه‌منی عامه‌ی به‌غدا ده‌گوێزرێته‌وه.
1981 له دادگای سه‌وره له به‌غدا حوكمی ساڵێك زیندانی به‌سه‌ردا ده‌درێت.
1982 له رێكخستنه نهێنییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان درێژه به تێكۆشانی سیاسی ده‌دات. له رۆژنامه و گۆڤاره‌كانی ناو شاردا به ناوی مه‌هاباد قه‌ره‌داغی شیعر و نووسینه‌كانی بڵاو ده‌كاته‌وه، له گۆڤاره‌كانی شاخیش به ناوی خوازراوی هه‌تاو گه‌رمیانی، ژاڵه، به‌رده‌وام، ئاڵا و هتد.
1984 له په‌یمانگای هونه‌ری كه‌ركوك، به‌شی ژمێریاری وه‌رده‌گیرێت و له 1987 ته‌واوی ده‌كات.
1985 یه‌كه‌مین كۆڕی شیعری له هه‌ولێر و سلێمانی پێشكه‌ش ده‌كات و بۆ یه‌كه‌مین جار له ته‌له‌فیزیۆنی كوردی كه‌ركووك چاوپێكه‌وتنێكی ئه‌ده‌بی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.
1991 به‌شداری كارا له ڕاپه‌ڕین و كۆڕه‌ودا ده‌كات. یه‌كه‌مین موژده‌ی ئازادكردنی شاری كفری له 10ی ئازاردا به بڵندگۆ ده‌دا به گوێی خه‌ڵكی شاره‌كه.
1991 له كۆنگره‌ی ڕاپه‌ڕیندا ده‌بێته ئه‌ندامی یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد.
1992 له‌گه‌ل مسته‌فا گه‌رمیانی شاعیر و نووسه‌ر هاوسه‌رگیری ده‌كات.
1993 ڕوو له سوێد ده‌كات و له‌وێ نیشته‌جێ ده‌بێت.
1994 ده‌ست به چاپكردنی به‌رهه‌مه‌كانی ده‌كات كه چه‌ندین كتیبی شیعر و چیرۆك و لیكۆڵینه‌وه و ڕۆمان بوون و له‌سه‌رده‌می به‌عسدا له‌به‌ر سانسۆر رێگه‌ی چاپكردنیان نه‌ده‌دان.
1998 به‌رنامه‌ی پانۆراما له ته‌له‌فیزیۆنی میدیا ئاماده و پێشكه‌ش ده‌كات.
1999 له یه‌كی حوزه‌یرانی ئه‌و ساڵه‌دا كچه تاقانه‌كه‌ی شاكار له دایك ده‌بێت.
2001 له‌گه‌ڵ دوو خانمی تردا شنه هیدایه‌تی و مونیره موفتیزاده، رێكخراوی پرۆژه‌ی ژنی كورد داده‌مه‌زرێنن و داخوازینامه‌ی ژنی كورد به‌رهه‌م ده‌هێنن و چه‌ندین كۆنفرانسی نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ ده‌گرن كه سه‌ره‌تا و راگه‌یاندنه‌كه‌ی له هۆڵیكی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا ده‌بێت.
2003 ده‌بیته ئه‌ندامی یه‌كێتی نووسه‌رانی سوید.
2004 له باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كۆنفرانسی ‘داخوازینامه‌ی ژنی كورد’ ساز ده‌كه‌ن و داخوازینامه‌كه پیشكه‌ش به په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كریت.
2004 كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی زانكۆی ستۆكهۆڵم ته‌واو ده‌كات، لێكۆلینه‌وه‌كه‌ی ده‌رباره‌ی ده‌روونناسی په‌روه‌رده ده‌بیت له ژێر ناویزمان، ڕامان و ناسنامه.
2005 له‌سه‌ر داخوازی سه‌رۆك وه‌زیران نیچیرڤان بارزانی ده‌گه‌ڕێته‌وه كوردستان و ده‌بێته راوێژكاری سه‌رۆك وه‌زیران بۆ كاروباری ئافره‌تان و یه‌كسانی. به پرۆژه‌ی سیاسه‌تی یه‌كسانی و دامه‌زراندنی ده‌زگای یه‌كسانی له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌ست به كار ده‌بێت.
2008 ده‌بێته ئه‌ندامی لیژنه‌ی باڵای هه‌مواركردنی یاسای باری كه‌سێتی به بڕیاری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.
2010 ده‌بێته ئه‌ندامی ده‌سته‌ی باڵای یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد.
2012 ده‌بیته به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یمانگای یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان بۆ پرسه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.
2013 ده‌ست به پرۆژه‌ی گۆڤاری هزری وه‌رزی شیكار ده‌كات و له هه‌مان په‌یمانگا ژماره سفری له 25 ی نۆڤه‌مبه‌ردا چاپ و بڵاو ده‌بێته‌وه.
2013به‌شی ئینگلیزی له كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی زانكۆی سابیس ته‌واو ده‌كات.
2018 ده‌بێته ئه‌ندامی ده‌سته‌ی رێكخراوه جه‌ماوه‌ری و پیشه‌ییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان.
1991 تا 2019 ژماره‌ی به‌رهه‌مه چاپكراوه‌كانی ده‌گاته 34، كه بریتین له كۆمه‌ڵه شیعر، كۆمه‌ڵه چیرۆك، ڕۆمان، بیره‌وه‌ری، لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵناسی و ده‌روونناسی، وه‌رگێران و كتێبی په‌روه‌رده‌یی.
نووسه‌ر جگه له زمانی زگماك كه كوردی یه، زمانه‌كانی عه‌ره‌بی، سویدی، ئینگلیزی و توركی و تا ڕاده‌یه‌كیش فارسی زانیوە.
به‌رهه‌مه چاپكراوه‌كانی مه‌هاباد قه‌ره‌داغی:
ژانری شیعر:
-نه‌خشه‌ی دواڕۆژ/ 1991 كوردستان
– پانۆراما/ 1993 سوید
– شاخ كێڵگه‌ی گه‌نمه‌شامییه/ 1994 سوید
– میدالیا/ 1995 سوید
-هاژه‌ی رۆح/ 1997 كوردستان
– باڵنده به‌فره‌كان- به زمانی سویدی/ 1998 سوید
-دیوانی مه‌هاباد قه‌ره‌داغی/ 2013 كوردستان.
ژانری چیرۆك، ڕۆمان و بیره‌وه‌ری:
– كۆچ/ ڕۆمان/ 1993 سوید
-ئه‌ڤین ئاوی ژیانه/ ڕۆمانه شیعر/ 1996 سوید و كوردستان
-مه‌رگی مرۆڤ و نیوێك/ كورته چیرۆك/ 2004 كوردستان.
-ساڵێك له دۆزه‌خ/ بیره‌وه‌ری زیندان/ 2005 كوردستان.
-چلچرا/ بیره‌وه‌ری/ 2006 / كوردستان.
-زه‌نگدانه‌وه/ ڕۆمان/ 2007/ كوردستان.
-له‌تێ پیاو/ كورته‌چیرۆك/ 2012/ كوردستان.
-فاتیلا/ ڕۆمان/ 2017/ كوردستان.
ژانری لێكۆڵینه‌وه:
-له پێناوی ژیانه‌وه‌ی ئافره‌تدا/ 1994 سوید.
-ئازادكردنی مێژوو/ 2002/ سوید و كوردستان.
-شه‌ره‌فنامه، شه‌رەف كۆدێكه بۆ كۆیله‌كردنی ژن/ 2003 سوید و كوردستان.
-زمان، ڕامان و ناسنامه/ 2005 كوردستان
-كاره‌ساتی ئه‌نفال، كاریگه‌رییه ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی/ 2003 سوید.
-ژن و كۆمه‌ڵگه له قۆناغی باڵنده‌یی شێركۆ بێكه‌سدا / 2004 كوردستان.
-وشه‌باران/ دیداری رۆژنامه‌وانی/ 2011/ كوردستان
-له فێمینیزمه‌وه تا هیومانیزم/ 2013 كوردستان
-ئافره‌تیزم، مێژووی سه‌دساڵ تێكۆشان بۆ مافی یه‌كسان له باشووری كوردستان/ 2018 كوردستان.
ژانری وه‌رگێڕان:
-شیعر هه‌ناسه‌ی گه‌ردوونه/ هه‌ڵبژارده‌یه‌ك له شیعری هاوچه‌رخی جیهان/ 1995 سوید.
-دانپێدانانێكی پیاوانه/ هه‌ڵبژارده‌یه‌ك له چیرۆكه‌كانی د. نه‌وال سه‌عداوی/ 1996 سوید.
-نانی ژه‌هراوی/ شانۆنامه له نووسینی ڤیسیلین هانچێڤ/ 1996 سوید.
-جینۆساید/ هۆلۆكۆست، كۆكوژی جوله‌كه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌ڵمانیای نازییه‌وه. نووسینی: ئارێل هوروتز. 2017 كوردستان.
-جینۆساید/ كۆمه‌ڵكوژی له خاكی هه‌زار گرددا، ڕواندا 1994. نووسینی بنیامین نیوبێرگه‌ر. 2018 كوردستان.
-جینۆساید/ كۆمه‌ڵكوژی ئه‌رمه‌نه‌كان، له یادكراو و نكۆڵیلێكراو. نووسینی پرۆفیسۆر یایر ئاورۆن. 2018 كوردستان.
-جینۆساید/ ڕامان له وێنانه‌كراو، ڕووه تیۆرییه‌كانی لێكۆڵینه‌وه له جینۆساید. نووسینی: یایر ئاورۆن. 2019 كوردستان.
ژانری كتێبی په‌روه‌رده‌یی:
-گه‌رمیان
-باوه‌گوڕگوڕ
-دیلان
كتێبی خوێندنه‌وه بۆ فێربوونی قوتابیانی كورد له سوید. مه‌هاباد قه‌ره‌داغی له ڕۆژی هه‌ینی ڕیكه‌وتی 09-10-2020 به نه‌خۆشی كۆچی دوایی كرد.
………………………………………..
په‌راوێز و سه‌رچاوه:
[* ] ئه‌م شاعیرانه‌ش له‌بوارى ئه‌ده‌بیاتى زیندان به‌رهه‌مى به‌پێزیان هه‌یه: “فاقێ قادرى هه‌مه‌وه‌ند، گۆران، قانیع، بێكه‌س، دیلان، كاكه‌ى فه‌لاح، شێركۆ بێكه‌س و لالۆڕه‌نجده‌ر …هتد.
[**]نووسه‌ر و شاعیر و چالاكى مه‌ده‌نى “مه‌ریه‌م قازى” ناسراو به خانم قازى كه له‌بنه‌ماڵه‌ى پێشه‌وا قازییه و خاوه‌ن ده‌یان چیرۆك و شیعرى خه‌باتگێڕى و به‌رخودانه، لێ به‌داخه‌وه له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بێت بیره‌وه‌ره‌ییه‌كانى خۆى له‌نێو به‌ندیخانه‌كانى ئێران نه‌نووسییه‌وه.
[***]ته‌نها بابه‌ته‌كانى كتێبى “ساڵێك له دۆزه‌خ”م به‌نموونه هێناوه‌ته‌وه بۆئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه.
[****]تۆمارێكی تایبه‌ت له‌لایه‌ن(مان‌و به‌رزنجی) سه‌باره‌ت به ژیان و كارنامه‌ی خاتوو (مه‌هاباد قه‌ردا‌غی) بۆ كوردیپێدیا له 16-09-2019
1.كتێبى “ساڵێك له دۆزه‌خ” بیره‌وه‌رى / له نووسینى/ مه‌هاباد قه‌ره‌داغى/ 2005.
- بابه‌ته‌كه‌ى شاعیر ئه‌ركه‌وازى له واڵى تایبه‌تى نووسه‌ر و شاعیر “رزگار جه‌بارى” وه‌رگیراوه.
تێبینى: ساڵی له‌دایكبوون و مردنی ئه‌ركه‌وازى به خه‌مڵاندن دیاریكراوه.