هەموو کارێک بە باوەڕ بەخۆبوونەوە دەکرێ

هەموو کارێک بە باوەڕ بەخۆبوونەوە دەکرێ

 

 شکستخواردن حاڵەتێکی کاتییە

 

بژار ساڵح چۆمبارۆکی/ قوتابیی قۆناغی پێنجەم، بەشی یاسا

ئایا لە ژیانتدا سوود لە توانای واقعیت وەردەگریت؟ گەورەترین کێشەی ئەمڕۆی ئێمە، لەوانەیە نەبوونی ئیراده‌ و بڕیاردان بێت. هه‌ندێك له‌ مرۆڤه‌كان ئیرادەیان هەیە و دەتوانن هەوڵ بدەن و خەونەکانیان بکەنە راستی، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێکیش هەیە بەردەوام چاوەڕوانی گۆڕان و رێککەوتنێک دەکەن و خۆیان ناتوانن بڕیار بدەن، چونکە لەخۆیانەوە دەرئەنجامێکی بۆ دادەنێن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، کەسانێکیش هەن، کە هیچ پێشینەیان لە سامان و زانست و جوانیدا نییە، کەچی دەتوانن بە هەموو شێوەیەک سەرکەوتن بەدەست بهێنن و بگەن بەو خەونەی، کە لە مێشکیانداهەیە، ئەوەش تەنیا لە ڕێگەی بڕیاردان و ئیرادە و بڕوابەخۆبوونەوەیە. تۆ خۆت بۆ سەرکەوتن ئامادە بکە، تەنیا یەک جیاوازیی هەیە لەنێوان ئەو کەسانەی، کە لە پێشبڕکێیەکانی جیهاندا یەکەم دەبن، ئەویش (باوەڕبەخۆوەبوون)یانە لە کارەکانیاندا.

باوەڕبەخۆبوون سیستەمێکە لەسەر ئەو بنەمایە داڕێژراوە، تاوەکو تۆ بباتە سەر هەر لێوارێک لە هەر لایەنێکی ژیاندا، پاشان هانت بدات بۆ ئەوەی بفڕیت. بڕوابەخۆبوونی واقعی نابێت کەسەکە بە خۆی ڕازی بێت، کە تواناکانی هەر ئەوەندەیە. بەهێزکردنی بەرەبەرەی باوەڕبەخۆوەبوون، وادەکات بە دڵۆپ دەریایەک دروست ببێت، مەرج نییە ئامانجەکەت بە شێوەی ڕاستەوخۆ بپێکیت، تۆ دەبێت هەنگاو بە هەنگاو، قۆناغ بە قۆناغ کار بکەیت، بۆ ئەوەی بەهیچ شێوەیەک لە ناوەندی بوون نەترسیت، بۆیە هیچ کارێک سەخت نابێت، ئەگەر بەسەر چەند بەشێکی بچووک دابەشی بکەی، دەبێت ئامانجەکانت بچووک بکەیەوە، بۆ ئەوەی ئیشپێکردنیان ئاسایی بێت و بەردەوام ڕاهێنان بکە و ڕاهاتنی کارکردن لەناو خۆتدا دروست بکە. کلیلی سەرەکیی سەرکەوتن ئەوەیە، سەیری هەموو قادرمەکان نەکەین، تەنیا سەیری قادرمەی یەکەم بکەین، پاشان قادرمە بە قادرمە بڕۆین، بۆیە لە کاتی ئەنجامدانی هەر کارێک، لەوانەیە تووشی شکست بین، بەڵام ئێمە دەبێت شکست قبووڵ بکەین، بۆیە دەبێت لە ڕۆیشتن بەرەو ئامانجەکانمان بەردەوام بین، بەڵام هێشتا زۆر کەس واتێدەگات، شکست بریتییە لەکۆتایی کارکردن، بەڵام شکستخواردن بەشێوەیەکی گشتی حاڵەتێکی کاتییە، لە هەمان کاتدا وازهێنان لێی، بارودۆخێکی هەمیشەیی دروست دەکات. لەکۆتاییدا دەمەوێ ئاماژە بەوە بکەم، باوەڕبەخۆبوون لە هەر کارێک، وادەکات سیستەمی ژیان بەرەو ئاراستەیەکی تر ببات، دەمەوێ بە تایبەت ئاماژە بە وتەیەکی زۆر جوانی (سەرۆک بارزانی)، مەرجه‌عی باڵای کورد بکەم، کە دەفەرمووێ: “سەرەتای هەموو کارێک پشت بە (خوای گەورە) ببەستە و بە ئومێدێکی بەرز و بە ورەیەکی بەرز بۆ پێشەوە بڕۆ و (خۆنەچەمینن)”. مانای وایە، باوەڕبەخۆبوون لە ئەنجامدانی هەر کارێک، وادەکات بگەیت بەو لوتکە بەرزەی، کە هەوڵی بۆ دەدەیت.

 

 

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *