وەرزەکانی مرۆڤ

وەرزەکانی مرۆڤ  

پاییز ئامێزی بۆ گوڵ و پیرییش ئامێزی بۆ مرۆڤ دەکاتەوە

 

سیداد سیامەند/ قوتابیی قۆناغی سێیەم، بەشی پزیشکی دەرمان


هەرگیز بیرت لەوە کردووەتەوە، کە چۆنیەتیی ژیانکردنمان و کاروانی مرۆڤ چەند لەو گوڵە دەچێت، کە بە وەرزەکانی ساڵدا تێپەڕ دەبێت؟!

خونچە و کۆرپەلە..
لە هەر  چرکەساتێکدا دەبینین کۆمەڵە هەورێکی ڕەش و چڕ دەست بە داپۆشینی ئاسمان دەکەن، لە شێوەی ئەو دکتۆرانەی، کە دەوری دایکێکی دووگیان دەدەن. ئیدی هەر لەگەڵ بیستنی یەکەم هەورەتریشقە، گوێمان لە دەنگی هاوار و ناڵەی ئەو دایکە داماوە دەبێت.
دوای دابارینی باران، چاوەکانی ئەو بوونەوەرە مەزنە (دایك)، دەست بە بارینی ئەسرین دەکەن. ئەی چی بۆ ئەو (با)یە بەهێز و ئەو ساردییە وشکە، کە ئەو دار و درەختانە دەشێوێنن، وەك شێوان و لەرزی جەستەی ئەو دایکه بەستەزمانە.
باشە تۆ بڵێی پاکبوونەوەی دار و درەختی کووچە و کۆڵانەکان، پاکبوونەوەی ئەو دایکە نەبێت لە گوناهەکانی؟
بێ گومان کۆتاییەکەشیان جیاوازی نییە و هەمان دەرئەنجامی دەبێت، خونچە و کۆرپەلەیەك لە نەبوونەوە پێ دەخاتە جیهانی بوون.

بەرەو بەهاری منداڵی..
هەر لەگەڵ هەڵهاتنی یەکەم خۆری بەهاردا، خونچە بەرەو گوڵ بوون و کۆرپەلەش بەرەو منداڵ بوون دەچن. خونچە دەست دەکات بە مژینی تیشکی خۆر و منداڵەکەش مژینی شیری دایکی، تا گەشە بکەن و بەردەوام بن.
چریکە و جریوەی بولبولەکان لە دەوری خونچەکە، لەولاشەوە یاری و گاڵتەوگەپی منداڵەکە، پەپوولەکانیش هاوشێوەی  فریشتەکانن!
ئەگەر چاوێکیش لە ئاسمانی ساماڵ و بێگەرد بکەین، لەگەڵ ئەو هەوا
ساف و بێگەردە، ڕاستەوخۆ بیرمان بۆ پاکیی و بێ گەردی
و ئاسۆ و ئاواتەکانی ناخی ئەم هەنگوینە دەچێت.

مخابن! بەهار تا سەر نییە
ئیدی خۆرە بە بەزەییەکە ئاوا بوو! بولبولەکان لێمان ترسان و فڕین!
پەپوولەکان لێمان بێزار بوون! تەم و مژ ئاسمانی ڕووپۆش کرد،
لێرەوە خۆر دەمانسووتێنێ و بولبولەکان دەبنە قەل و داڵ و یاریمان پێ دەکەن.
هەوا بێگەردەکە گەرددار بوو، پەپوولەکان وەك خونچەیەك
مامەڵەمان لەگەڵ ناکەن و نازمان هەڵناگرن، ئاسمانیش خەندە بە ڕووماندا ناپرژێنێت.
ئێستا خونچەکە بوو بە گوڵێکی تەواو، منداڵەکەش بوو بە مرۆڤ!
ئا لێرەوە گوڵ دەبێت لەگەڵ گەرمی و سەختیی تیشکی خۆر فێری ڕاهاتن بێت، مرۆڤیش لەگەڵ سەختی و بەدبەختیی ژیان.
لەمەودوا گوڵ دەبێ بەرگەی گڕی سووتێنەر و بێ پرس هاتوو بگرێت، بەڵێ ئەمیشیان شەقی قەدەرە! وشکبوون و دووچاربوون بە وشکەساڵیی ئەم گوڵەش لەلایەك، کە دەبێ لەگەڵیدا هەڵبکات، مرۆڤەکەش بێ نازی، برسیەتی، بێ بایەخی، نەخۆشی، دابڕان، ئازار، خۆشەویستی. با ستەمیش نەکەین، (گوڵ)یش کەم جوان نییە!

پاییزی پیری
وەك گوتوویانە، شەمەندەفەری ژیان تا گەیشتنی بە وێستگە (مەنزڵ) وەستانی بۆ نییە.
لەکۆتاییدا پاییز ئامێزی بۆ گوڵ و پیریش ئامێزی بۆ مرۆڤ دەکاتەوە. دڵیان ناسك دەبێت و دەبنەوە بە خونچە و کۆرپەلەکەنی بەهاری منداڵی، ئیدی کاتی تێڕامان و زەردهەڵگەڕان ​و چەمانەوەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، چەند ئازایانە و
نەبەردانە لەگەڵ ژیاندا جەنگان، بۆ مانەوەیان توانییان لەبەرامبەر ڕۆژگارە سەخت و شەوگارە تاریکەکان و کێشە و ساتە نەخوازراوەکاندا چۆك دانەدەن.

مەرگ و هەڵوەرین..
دەمەوئێوارەیەكی زەردە و مەرگ دێ و قۆڵ دەخاتە قۆڵی ئەو دوو پاڵەوانە، بێ ئەوەی پرسیان پێ بکرێت، وەك چۆن بوونیان پێ بەخشرا، ماڵ ئاوا…..
ئەی هەرگیز لەکۆتاییەکانی پاییز دابارانی بارانتان بینیوە، کە بە شێوەی نم نم دەبارێت؟ بەڵێ ئەمانەش هەمان ئەو فرمێسکانەن، کە مرۆڤە دڵسۆزەکان بۆ یەکتر دەیانبارێنن.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *