کاری خۆبەخشی

مێڤان ئەحمەد

 

کاری خۆبەخشی ئەو کارەیە کە كەسێك یاخود کۆمەڵە كەسێك بە ھەرەوەزی و قازانج نەویستانە و بێ بەرامبەر بۆ بەرژەوەندی گشتی ئەنجام دەدەن. کاری خۆبەخشی بە لوتکەی چالاکی مرۆڤ دوستی هەژمار دەکرێت، چونکە مرۆڤ بەبێ هیچ پاداشت و دەسکەوتێک ئامادەی بەخشین و خو ئامادەکردنە.

هەرچەندە لە سەرەتاوە وشەی خۆبەخشی تەنیا لە بواری سەربازیدا بەکارهاتووە، بەڵام لە دوای ساڵانی سییەکانی سەدەی شازدەوە، ئەم وشەیە چووەتە بواری نا سەربازییەوە و بەرامبەر هەر رەفتارێک بەکار دەهێنرا کە بەبێ هیچ دەسکەوتێکی ماددی مرۆڤ ئەنجامی داوە.

کارە خۆبەخشییەکان بناغەیەکی بنەڕەتین بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەکان، و پتەوکردنی یەکگرتوویی تاکەکانی ھەر کۆمەڵگەیەک. شێوە و ئاراستە و پاڵنەرەکانی کاری خۆبەخشی جیاوازن لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر و لە زەمەنێکەوە بۆ زەمەنێکی تر، شێوەکەی رەنگە کاری دەست بێت، یان بیركردنەوە بێت، یان ماسولکەیی، یان پیشەیی یان پارەدان بێت، ئاراستەکەشی رەنگە خۆڕسکانە بێت، یانیش لەلایەن دەوڵەتەوە بەرەو چاڵاکی جۆراوجۆر ئاراستە بکرێن، پاڵنەرەکانیشی جیاوازن، لەوانەیە کۆمەڵایەتی بن، یان ئاینی یان دەروونی یانیش سیاسی بن.

لە رۆژی پێنجی کانونی یەکەمی ھەموو ساڵێکدا، دەزگا حکومی و ئەھلی و نێودەوڵەتییەکان بەبۆنەی روژی جیھانیی خۆبەخشییەوە ئاھەنگ دەگێڕن، کە بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ خۆبەخشی ئامادەی دەکات، و ڕێز لە کاری خۆبەخشی و خۆبەخشان و رۆڵ و کاریان لە گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و ئابوری دەگرن و ڕێز لەو کەسانە دەگرن کە پێکەوە دەست لەناو دەست کار دەکەن بۆ بەدیھێنانی ئامانجە ھاوبەشەکانی کۆمەڵگە. لە ساڵی ١٩٨٥ بریار درا رۆژی ١٧ ی کانوونی یەکەم بە رۆژی جیھانی خۆبەخشان بناسێنرێت، لەو کاتەوە ھەموو ساڵێک لەو رۆژەدا ئاھەنگ بۆ ئەو بۆنەیە ساز دەکرێت.

ئامانجەکانی کاری خۆبەخشی 

ئامانجەکانی کاری خۆبەخشی دابەش دەکرێنە سەر دوو بەش، ئامانجە گشتییەکانی کاری خۆبەخشی و ئامانجە تایبەتییەکانی کاری خۆبەخشی

ئامانجە گشتیەکانی کاری خۆبەخشی بریتین لە:

  • کەمکردنەوەی گرفتەکانی کومەڵگە

2- گەشەپێدانی گیانی ھاوبەشیی لە ناو کومەڵگە

3- خێراکردنی پرۆسەی گەشەسەندن و قەرەبوو کردنەوەی دواکەوتوویی

4- کاراکردنی روڵی تاکەکانی کۆمەڵگە و وەبەرھێنان لە کاتی بوشاییدا

5- قووڵکردنەوەی کاری خۆبەخشی لەلای لاوان و نەوجەوانان.

6- بەشداریكردن لەگەڵ لایەنە فەرمییەکان لە پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە

7- ئاگاداربوون لە پێویستییەکان و گرفتەکانی کومەڵگە و بەشداریکردن لە چارەسەر کردنیان

8- ئاسانکردنی ھاوکاری لە نێوان دەزگاکانی حکومەت و رێکخراوە ناحکومییەکان

ئامانجە تایبەتییەکانی کاری خۆبەخشی بریتین لە:

  • خۆبەخشان لە دەزگاكان قەرەبووی کەمیی دەستی کار دەکەنەوە
  • بەدەستھێنانی پێگەیەکی باشتر لەناو کومەڵگەدا
  • ھەستکردن بە سەرکەوتوویی لە ئەنجامدانی کارێک کە خەڵکی تر بەڕێزەوە سەیریان دەکەن
  • مەشقکردن بە تاکەکەس بۆ بەشداریکردنی سوود بەخشانە لە کاری خۆبەخشیدا
  • سوود وەرگرتن لە وزە و توانا و بەھرەی کەسەکان
  • سازکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتیی لەگەڵ تاکەکەس و دەزگا ئەھلییەکان
  • تێگەیشتنی راستەقینە لە داواکاری و رەوشی کۆمەڵگە
  • راھێنانی تاکەکەس بۆ کارکردن لەگەڵ خەلکی تر

گرنگی کاری خۆبەخشی

گرنگی کاری خۆبەخشی تەنیا ئەوە نیە کە کارێکە و بوشاییەک پڕدەکاتەوە لە چاڵاکی دەوڵەت یان دەزگا کۆمەڵایەتییەکان، بەڵکو لەوەدایە کە گەشە بە ھەستەکانی خۆبەخشەکە و بەرامبەرەکەی دەدات. ھەستکردن بە ئینتیما و دڵسوزی بۆ کۆمەڵگە و پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە نێوان توێژە جوراوجورەکاندا.

بەشێوەیەکی گشتی گرنگییەکانی کاری خۆبەخشی بریتین لە:

  • ئەو خزمەتگوزارییانەی خۆبەخشی پێشکەشی دەکات روڵی لە تەواوکردنی ئەو کارانەی دەوڵەت ناتوانێت پێشکەشی بکات، ھەیە، وەک پرۆژەی خزمەتگوزاری و گەشەسەندن. ھەروەھا کەرتی خۆبەخش چالاکانەیە و بە شێوەیەکی خێراتر و ئاسانتر لە دەزگاکانی دەوڵەت دەتوانێت خزمەتگوزارییەکان بگەینێت
  • خوبەخشەکان شارەزاییەکی زۆر لەو بوارەی کە کاری تێدا دەکەن، پەیدادەکەن
  • دەرفەت بۆ ئاگاداری لە پێویستی و نەرێنییەکانی کۆمەڵگە دەرەخسێنێت، و ئەمەش یاریدەدەرە بۆ بانگھێشتكردن بۆ کارکردن لەسەر ئەم گرفتانە و چارەسەرکردنیان لە ڕێی لایەنی ترەوە
  • یاریدەدەرە بۆ کۆکردنەوەی سەرچاوە ناوخۆییەکان لە سەرچاوەی مرۆیی و ماددی، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کۆمەڵگە بە بێ پەنابردن بۆ سەرچاوەی حکومی یان دەرەکی
  • لایەنی مرۆیی کۆمەڵگە بەرز دەکاتەوە و گەشەی پێ دەدات، و ئەمەش سۆز و ھاوکاری نێوان خەڵک زیاد دەکات
  • ھاوکاری ئەو کەسانەی کۆمەڵگە دەکات کە بێ توانان
  • دەبێتە مایەی لێک نزیکبوونەوەی توێژەکانی کۆمەڵگە و پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان
  • تەواوکردنی کارەکانی حکومەت و پشتگیریكردن لە پێناو کۆمەڵگەدا
  • دیاردەیەکی گرنگە و ئاماژەیە بۆ زیندویی و چالاکی جەماوەر، و نیشاندەرێکە بۆ رادەی پێشکەوتنی هەر گەلێك

کاری خۆبەخشی لە کوردستان

کاری خۆبەخشی لە کوردستان دەگەرێتەوە بۆ چەندین ساڵ بەر لە ئێستا، کە لە گوندەکاندا ئەنجامدەدرا، پێی دەگوترا (هەرەوەزی یاخود زبارە). کاتێک کە کەسێک یان خانەوادەیەک کارێکی ئەنجام دەدا، و نەیانتوانییایە ئەو كارە بە تەنیا كۆتایی پێ بێنن، ئەوا داوایان لە خەڵكی گوندەكە دەكرد، ئەوانیش درێغییان لە ئەنجامدانی كارە و تەواكردنیدا، نەدەكرد، بێ ئەوەی ئەو کۆمەڵە کەسە چاوەرێی هیچ دەسکەوتێکی ماددی بکەن. کارەکانیش وەکو خانوو دروستکردن و دورینەوەی گەنم و گیا و دار بڕین و چەندەها کاری تر، کە لە گوندەکاندا ئەنجام دەدران، بەڵام ئێستا کارە خۆبەخشییەکان پێشچوونێکی باشیان بە خۆوە بینیوە، لە گوندەکان هاتوونەتە دەرەوە، روویان لە شارەکان کردووە، بەڵام بەشیوەیەکی جیاواز، چونكە ئەو كارە خۆبەخشییانە لەرێی کومەڵێک گرووپ و رێکخراو، ئەنجام دەدرێن.  کار لە سێکتەرە جیاوازەکاندا دەکەن بۆ بەرەو پێشبردنی کومەڵگە، و هەروەها ئێستا تاکەکانی کومەڵگە لەرێگەی ئەو رێکخراو و گرووپانەوە بە ئاسانی دەتوانن کاری خۆبەخشی بکەن و سوود بە کومەڵگە و تاکەکانی بگەینن، و هەروەها خۆبەخشانیش ئەزموون و شارەزاییەکی زۆر لەو بوارانەی کاری تێدا دەکەن بەدەست دەهێنن.

سەرچاوەکان

– رێبەری کاری خۆبەخشی – عزالدین احمد

www.mawdoo3.com –

www.aleama.com –

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *