” کیتۆ دایت و نهێنیە شاراوەکانی ” 

زۆرێک لە ئێمە، لە دەوروبەرمان لە کەسە نزیکەکانمان لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان گوێمان لە ناوی (کیتۆ دایت یان ڕێجیمی کیتۆ) بووە کە لە ئێستادا ڕێژەیەکی بەرچاوی خەڵک بە دوور یان نزیک ئاشنایەتیان لەگەڵ (کیتۆ دایت) دا پەیدا کردووە ، بەڵام ئایا ئەو ئاشنایەتییە تاوەکو چ ئاستێکە وئایا لە سەرچاوەی باوەرپێکراوی تەندروستییەوە پەیدابووە یاخود تەنها لە دەمی خەڵکانی تر؟ بەداخەوە کەسانێک دەستیان کردووە بە بازرگانی، بەناوی (کیتۆ دایت)ەوە خەڵکان بۆ خۆیان ڕادەکێشن و ڕێنماییان دەکەن بەبێ هەبوونی هیچ زانیارییەکی باوەرپێکراو یان پێشینەیەکی زانستی ، لێرەدا دەمانەوێ ئاشناتان بکەین و باس لەو زانیارییە نەبیستراوانە بکەین دەربارەی (کیتۆ دایت) کە خەڵکان لێی بێئاگان.

کیتۆ دایت چییە؟

ڕێجیمێکی یاخود سیستەمێکی خۆراکی کەم کاربۆهایدرات ، پڕۆتین مامناوەند ، چەوری زۆرە بۆ ناچارکردنی لەش بۆ بەکارهێنانی چەوری زیادەی لەش وەک سەرچاوەی ووزە بەمەش کێشی لەش دادەبەزێ . کەواتە کیتۆ دایت بریتییە لە نەخواردنی یان زۆرکەم خواردنی ئەو خۆراکانەی کە پێکهاتوون لە کاربۆهایدرات وەکو (برنج ، نان،…هتد)

کە ئەمەش وادەکا ئەو کەسەی کە کاربۆهایدرات بەکارنەهێنی لەشی ئەو کەسە بچێتە حاڵەتێک پێی دەگوترێ (کیتۆسس،Ketosis).

کیتۆسس بریتییە لەو دۆخەی کە لەشی مرۆڤ هیچ بڕێکی کاربۆهایدرات وەرناگرێ بەمەش گەردیلەی (کیتۆنس Ketones) دروست دەبێ لەناو جەستەدا.

لە هەندێک حاڵەت  (کیتۆسس،Ketosis) گەشەدەکات بۆ (کیتۆئەسیدۆسس،Ketoacidosis),

کیتۆئەسیدۆسس لە لەشی ئەو کەسانە ڕوودەدا کە نەخۆشی شەکرەی جۆری یەکیان هەیە ، کە جەستەیان هەڵدەستێ

بە بەرهەم هێنانی بڕێکی زۆر لە ترشەڵۆکی (کیتۆنس،Ketones) ، بۆیە ئەگەر ئەم حاڵەتە کۆنتڕۆڵ نەکرێ لە نەخۆشانی شەکرەی جۆری یەک ئەوا مەترسی مردنییان لێ دەکەوێتەوە ،

بۆیە سیستەمی خۆراکی کیتۆ خۆی لە خۆیدا شێوەیەکی لەسەرخۆترە لە حاڵەتی (کیتۆئەسیدۆسس،Ketoacidosis) و ئەو کەسانەی پەیڕەوی ئەو ڕێجیمە دەکەن پێویستە ئاگاداربن و لە لایەن پزیشکی تایبەت ڕێنوێنی بکرێن.

لێرەدا دەمانەوێ ئاماژە بە هەندێک لە سوودەکانی کیتۆ دایت بکەین:

‌‌۱-دابەزاندنی کێشی لەش:

ڕەنگە ڕێجیمی خۆراکی کیتۆ یارمەتیدەر بێت لە پێشخستنی دابەزاندنی کێش بە چەندین شێوە، لەوانە بەرزکردنەوەی میتابۆلیزم و کەمکردنەوەی ئارەزووی خواردن.

۲-زیپکە باشتر دەکات:

زیپکە چەند هۆکارێکی جیاوازی هەیە و لەوانەیە پەیوەندی بە خۆراک و شەکری خوێنەوە هەبێت لە هەندێک کەسدا.

۳-لەوانەیە مەترسی تووشبوون بە هەندێک شێرپەنجە کەم بکاتەوە:

توێژەران کاریگەرییەکانی کیتۆ دایت لە یارمەتیدانی خۆپاراستن یان تەنانەت چارەسەرکردنی هەندێک شێرپەنجە تاقیکردۆتەوە.

٤-لەوانەیە تەندروستی دڵ باشتر بکات:

کاتێک مرۆڤ رێجیمی کیتۆ پەیڕەو دەکات، گرنگە خۆراکی تەندروست هەڵبژێرێت. هەندێک بەڵگە دەریدەخەن کە خواردنی چەوری تەندروست، وەک (ئەڤۆگادۆ ،دووگی مەڕ …هتد) ، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە باشترکردنی تەندروستی دڵ بە کەمکردنەوەی کۆلیسترۆڵ.

٥-لەوانەیە فرمان و کارکردنی مێشک بپارێزێت:

هەندێک لە توێژینەوەکان، پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ئەو کیتۆنسانەی (ketones) لە کاتی کیتۆ دایتدا دروست دەبن بەسوودن بۆ پاراستنی دەمارەکان ، ئەمەش واتە دەتوانن مێشک و دەمارەخانەکان بەهێز بکەن و بیپارێزن.

٦-باشترکردنی نەخۆشی فرە کیسی هێلکەدان (Polycystic Ovary Syndrome):

نەخۆشی فرە کیسی هێلکەدان (PCOS) تێکچوونێکی هۆرمۆنییە کە دەبێتە هۆی زیادبوونی هۆرمۆنی نێر لە ئافرەتان و تێکچوونی کارکردنی هێلکەدان و هێلکەدانی فرە کیسی.خواردنی کاربۆهیدراتێکی زۆر کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەو کەسانە دروست دەکات کە تووشی نەخۆشی PCOS بوون، وەک کێشەی پێست و زیادبوونی کێش ، بەمەش کیتۆ دایت سوودبەخشە بۆ ئەو کەسانەی کەوا ئەم نەخۆشییەیان هەیە چونکە کێش دادەبەزێنێ و باڵانسی هۆڕمۆنەکانی لەش ڕادەگرێ.

کێن ئەوانەی نابێ پەیڕەوی کیتۆ دایت بکەن؟

۱- نەخۆشانی شەکرە ئەوانەی لە ژێر وەرگرتنی چارەسەرن و بەکارهینەری (ئەسۆلین،مێتفۆرمین…هتد)ن.

٢- منداڵانی خوار ١٨ ساڵ.

٣- ئەو کەسانەی کەوا کێشی لەشیان کەمە.

٤- ئافرەتانی دووگیان و شیردەر.

٥- ئەو کەسانەی لە حاڵەتی چاک بوونەوەن لە دوای نەشتەرگەری.

كاردانەوە لاوەكییەكانی کیتۆ دایت:

مەبەستم لە نووسینی ئەم بابەتە هۆشیار کردنەوە و ڕێنوێنی خەڵکە لەوانەیە زۆربەی ئەو کەسانەی کەوا ئاشنایەتیان لەگەڵ کیتۆ دایتدا هەیە، تەنها سوودەکانی بزانن بێ ئاگابن لە زیانەکان و کاریگەرییە لاوەکیەکانی. زۆر جار ئەگەر لە ژێر چاودێری پزیشك نەبێت، ئەوا ڕەنگە ببێتە هۆی تیرتركردنی هەندێك نەخۆشیی مێتابۆلیزمی وەكو: قەبزی ، ڕشانەوە، زگچوون، زگ ئێشان، بەردی گورچیلە، وەستانی گەشە، شاشبوونی هێسك، تێكچوونی ماسوولكەی دڵ (Cardiomyopathy)، نەخۆشیی دائی ملوك، كەمبوونی ڤیتامین د، دابەزینی شەكر، بەرزبوونەوەی ئاستی چەوریی ناو خوێن، كەمخوێنی (كەمخوێنی بە هۆی كەمیی ئاسن).

بەهیوای لەش ساغى بۆ هەموولایەک.

هالە دلێر یاسین

قۆناغو چوارەم

بەشی شیکاری پزیشک-

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *