کێ هەیە دێژاڤووی بەسەر نەهاتبێت؟

سەهەند زرار شەریف

 

زۆرجار لە ساتێکدا دەوەستیت و پێتوایە ئەو ساتەت بینیووە، ئەو شوێنە نامۆ نیە لەبەرچاوت یان هەست دەکەیت پێشتر ئەو گفتوگۆیانەت کردووە، بەڵام دڵنیاشی کە شتێكی وەها رووینەداوە، بۆیە هەر زوو لە بیری خۆتی دەبەیتەوە، بەڵام هەرگیز پرسیومانە کە بۆچی ئەم حاڵەتە ڕوودەدات؟ ئایا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی زانستی پزیشکی گونجاوی هەیە؟ 

 ئەو دیاردەیە پێی دەڵێن دێژاڤوو Déja vu)) كە ھەستکردنێکی بەھێزە بەوەی ڕووداوێک یان ئەزموونێکی ئێستاکیی پێشتر بینراو و لە ڕابردوودا ئەزموون کراوە، ئێدی ئەگەر بەڕاستی ڕوویدا بێت یان نا، بە جۆرێک کە 97٪ ی خەڵک بەلایەنی کەمەوە یەک جار لە ژیانیاندا ئەزموونیان کردووە.

  • دەروونناس Edward Bradford Titchener لە کتێبەکەیدا بەناوی A Textbook of Psychology کە لە 1928 نووسیوییەتی، ڕوونی دەکاتەوە و دەلیت:

دێژاڤوو کاتێک ڕوودەدات کەسێک لەچاوترووکانێکدا، یان بەلاچاو تەنێک یان بارودۆخێکی بینیووە پێش ئەوەی کە مێشک تەواو بووبێت لە درووستکردنی تێگەیشتنێکی تەواو وشیارانە بۆ ئەزموونەکە. ئەو نیمچە تێگەیشتنە دەبێتە ھۆی دروستبوونی ھەستی ھەڵەی لەیەکچوون. هەر لە توێژینەوەیەکی زانستی ئەو دەرووناسە ئەوە ڕەت دەکاتەوە کە دێژاڤوو زانینی پێشینە یان پێشگۆیی بێت، بەڵکو وەک تێکچوونێک لە دروستکردن لێکی دەداتەوە، کەوا دەکات ھەلوومەرجێکی جیاواز درووست ببێت، کە تێیدا کەسێک ھەست دەکات ئەو ئەزموونەی کردووە. ئەم ڕوونکردنەوەیە پاڵپشتکراوە بەو ڕاستییەی کە ھەستی «وەبیرھێنانەوە» لەوکاتەدا گەلێک بەھێزە، بەڵام بارودۆخەکانی ئەزموونی پێشوو (کەی، لەکوێ، و چۆن ئەزموونی زووتر ڕوویدا) نادڵنیان یان باوەڕ وایە کە ئەستەم بێت.

زاراوەی دێژاڤووDeja Vu)) لە زمانی فەرەنسی وەرگیراوە، بە مانای  "، پێشتر بینراوە "  دێت بە جۆرێک هەستێکی گواستنەوەیە کەوا لە کەسەکە دەکات کە

هەست بکات لە ڕابردوودا لە دۆخێکی تەواو هاوچەشنی ژیاوە. 

ناوی ئەم دیاردەیە چەند واتایەکی هەیە وەكو:

دێژا ڤیزت Deja visite : بە مانای پێشتر سەردانیکردنی شوێنێک دێت.

دێژاڤیکۆ Deja vecu : بە مانای پێشتر بینین دێت

دێژاسێنتیDeja senti : بە واتای پێشتر هەست کردن دێت

چ شتێک وا دەکات تووشی دێژاڤوو ببین؟

دیاردەی دێژاڤوو تا ڕادەیەکی زۆر ئاڵۆزە و چەند بیروڕا و لێکدانەوەیەکی جیاوازی لەسەر وتراوە. زانایان تا ئێستا کۆک نین بۆ هۆکارەکانی ئەم حاڵەتە، وەک:

دکتۆر خوری Khoury  روونی دەکاتەوە کە (دێژاڤوو لە ئەنجامی تێکچوون و ناچالاکی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەو بەشانەی مێشک و ئەو دەمارانانەی کە بەرپرسن لە بیرەوەری کورت و درێژ مەودا، ڕوودەدات. ئەو بەشانەی بەرپرسن لە هەڵگرتنی زانیارییەکان)

مێشکی مرۆڤ کە لە دوو نیوە گۆ و چوار پل پێک دێت. لاجەنگە پل لە هەردوو نیوەگۆی مێشک کەوتۆتە لایەکانی سەر لە سەرەوەی لاجەنگەکان. کە بەرپرسن لە:

  • بیرهاتنەوە و لێکدانەوە بۆ وشەکان
  • بیرهاتنەوەو ناسینەوەی ئەو شوێنانەی لێی بوویت
  • ناسینەوەی خەڵک 
  • تێگەشتن لە زمانەکان
  • لێکدانەوەی هەستەکان
  • لە هەر لاجەنگ پلێک پێکهاتەیەک دەماری ئاڵۆز هەیە کە پێوەی چەسپاوە، ئەویش هیپۆکامپەسە Hippocampus کە هاوبەشی لەو فرمانانەی بەرپرسن بۆ کۆگا کردن و هەڵگرتنی بیرەوەرییە کورت مەوداکان، دەکات. هەندێکجاریش لە ماوەی تووشبوون بە هەندێک لە جۆرەکانی پەرکەم( فێ)، هیپۆکامپەسەکان و شانەکانی دەوروبەر لە مێشک چالاک دەبن و دەبنە هۆکاری تێکچوون لە بیرەوەرییەکان، و لەوانەش دێژاڤوو ڕوودەدات، و لەمانەش پچڕانی تێکدانی سیستەمی بیر، و بەخشینی هەستی هەڵەی پەیوەست بە ناسینەوەکان و زانیارییە تۆمارکراوەکان.

هەندێ لە بیردۆزەکان ئەم حاڵەتە دەگەڕێننەوە بۆ دیاردەی خەوتنی موگناتیسی بە لاتینیHypnosis  كه‌ بریتییە لە بارێکی ھزری کپ و ئارام، تێیدا نەستەکانی مرۆڤ چالاک دەبێت و بەشێوەیەکی فراوانتر دەست بەسەر جەستەدا دەگرێت، بەجۆرێک بیر و ھزری ناوەوەی مرۆڤ وەڵامدانەوەی دەبێت بۆ ھەموو پێشنیار و لایەنە ئەرێنییەکانی جەستە، بەڵام لە کۆتا لیکۆڵینەوەکان زانایانی پسپۆری مێشک ئاماژەیان بەوە داوە کە دەکرێ ئەمە تەکنیکێک بێت مێشک بەکاری دەهێنێت بۆ پارێزگاریکردن لە سەلامەتی و بیرەوەری مرۆڤ، بە جۆرێک مێشک تووشی کۆمەڵێک گرفت دەبێت لە کاتی بڕیاردان لە ماوەی تووشبوون بەم دیاردەیە، کە پشت بەو گریمانەیە دەبەستێت کە دیاردەی دێژاڤۆ بریتییە لە (سیستەمێک کە لەلایەن مێشکەوە پشکنین بۆ بیرەوەرییەکان دەکات). 

کێن ئەوانەی کە ئەگەری تووشبوونیان بە دێژاڤوو زیاترە؟

دێژاڤوو وەک ئاماژەمان پێدا زۆرینەی خەڵک ئەزموونی دەکەن، بەڵام لەو کەسانەی کە تەمەنیان لە نێوان (15-25)ە زۆرتر بەدی دەکرێت. و ئەگەری تووشبوونیش لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن کەم دەکات، هەروەها ئەم حاڵەتە دەرکەوتنی لە شەودا زیاترە بە بەراورد بە ڕۆژ.

هەبوونی هەر یەک لەو فاکتەرانەی خوارەوە وا دەکات زیاتر ئەزموونی دێژاڤوو بکەیت:

  1. هەبوونی ئاستێکی بەرزی خوێندن 
  2. ئەوانەی زۆر گەشت دەکەن
  3. ئەوانەی زۆر بیردەکەنەوە

  1. خەون بینینی زۆر

ئەو بارودۆخانەی کە دەکرێ دێژاڤوو وەکو نیشانەیەکی نەخۆشی سەیر بکرێت:

زۆر جار سەرقاڵی و قەلەقی هۆکارن بۆ دەرکەوتنی دێژاڤوو، لەهەمان کاتیشدا دەبێتە هۆکارێک بۆ نەخۆشی پەرکەم و شەقیقە.

ئەو هەستانەی کە لەماوەی تووشبوون بە دێژاڤوو دەردەکەون دەکرێ نیشانە بن بۆ کێشەی تەندروستی، نیشانەکان ئەمانەن:

 ⁃ شێواوی( شپرزەیی)

 ⁃ ژانەسەر

 ⁃ کەمبوونەوەی بە ئاگایی و تەرکیز 

 ⁃ لاوازی جەستەیی و دەروونی

 ⁃ پەرکەم

 ⁃ لەرزین

کەی دێژاڤوو وەک زەنگێکی مەترسیدار سەیر بکرێت؟

ئەزموونکردنی هەستکردن بەوەی پێشتر لە شوێنێک بوویت و یان گوێت لەو گفتوگۆیانە بووە هیچ جێگەی ترس نییە. بەڵام ئەگەر زۆر تووشبوویت بە دێژاڤوو زیاتر لەوەی کە خەڵکی دی ئەزموونی دەکەن، لەم کاتەدا پێویستە بڕیاری سەردانیکردنی پزیشکی پسپۆڕ بدەیت، ئەگەر بەو جۆرە حاڵەتانەداتێپەڕیت:

  • لە ماوەی مانگێکدا بۆ چەند جارێک رووبدات (کە خۆی نابێت لە ساڵی چەند جارێک زیاتر بێت)
  • لەگەڵیدا ئاگایی و تەرکیز لە دەست بدرێت.
  • بینینی خەونی نائاسایی وەکو خەونە یادگارییەکان یان بینینەوەی دیمەنەکانی کە بینیبێتت لە پێشوودا.
  • لە بێ ئاگاییدا(کاتی خەو) جوین کردن، دەست گرتن بە شپرزەیی، هەستکردن بە ترس و بەرزبوونەوەی لێدانی دڵ.

چۆن ئەم حاڵەتە کەم بکەینەوە؟

دەتوانین دێژاڤۆ بوەستێنین لە ڕێی ئەنجامدانی چەند چالاکییەک:

  • هەناسەدانی مێشک یارمەتیدەر دەبێت بۆ پشوودان. بۆ ماوەی 5 یان چەند چرکەیەک هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەمژرێت و بە هێواشی لەماوەی 5 چرکەدا هەناسەبدرێتەوە. 
  • ژماردن تا 10 بۆ ئەوەی کە بیر لە سەر حاڵەتەکە لابدرێت و بیر لە ژمارەکان بکرێتەوە.
  • خۆسەرقاڵكردن بە شتی تر وەک کتێب خوێندنەوە، سەیرکردنی فیلم یان هەر شتێکی تر کە بیرت لەسەر حاڵەتەکەدا لادەبات.

سەرچاوە:
1. https://healthline.com/health/mental-health/what-causes-deja-vu

  1. https://health.clevelandclinic.org/deja-vu-what-it-is-and-when-it-may-be-cause-for-concern/
  2. https://psychcentral.com/news/2018/03/05/is-deja-vu-real-or-just-a-feeling 
  3. https://webmd.com/mental-health/what-is-deja-vu 
  4. https://wikihow.com/Get-Rid-of-the-%27deja-Vu%27-Feeling?amp=1

قۆناغی سێیەم

بەشی دەرمانسازی – زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك – هەولێر

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *