!دەرمـانـە دڵـخوازەکـە

نوور فەرحان سەعید
قۆناغی یەکەم
بەشی دەرمانسازی – زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك – هەولێر

دژەبەکتریا (ئەنتیبایۆﺘﻳﻙ)؛ دەرمانێک بۆ لە ناوبردنی بەکتریا؛ کە لە ڕێگەی ڕاگرتنی فرمانەکانی خانەی بەکتریاکانەوە دەست دەکات بە ناچالاکردنی بەکتریا و دواتریش لەناوبردنیان. ئەنتیبایۆتیک یەک لەو دەسکەوتە گرنگانەیە کەوا مرۆڤ سوودی لێبینیوە و بەکاریهێناوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو نەخۆشییانەی کە بە هۆکاری بەکتریاکانەوە دەگوازرێنەوە. لێرەدا چەند ڕێگایەک و فاکتەرێک دەخەینەڕوو کە دژەبەکتریاکان دەیگرنەبەر بۆ هێرشکردنە سەر بەکتریاکان، لێرەدا ڕووندەبێتەوە کە هەر جۆرێکی ئەنتیبایۆتیک چ ڕۆڵ و كاریگەرییەك دەبینن:

١. هەندێک لە ئەنتیبایۆتیکەکان وەک پەنسیلین (Penicillin)؛ بە هێرشکردنە سەر و تێکشکاندنی دیواری خانە بەکتریاکان لەناودەبەن.

٢. تێتراسایکلین (Tetracycline) وەک ئەنتیبایۆتیکێک ڕێگا بە بەکتریاکان نادات بۆ دروستکردنی پرۆتین یان هەر ماددە خۆراکییەک.

٣. ئەنتیبایۆتیکی داپتۆمایسین (Daptomycin) بەئامانجگرتنی پەردەی خانە بەکتریا لەناودەبا.

٤. لەو ئەنتیبایۆتیکانەی کەوا ڕێگری دەکەن لە دووهێندەبوونی (DNA) وەک مێترۆنیدازۆڵ (Metronidazole).

سوودەکانی ئەم دەرمانانە لە مەترسییەکان زیاترن، بۆیە دەبێت دابینکەرانی چاودێری تەندروستی و پسپۆڕان بە وردی سوود و ئەگەری مەترسییەکانی دەرمانەکان هەڵبسەنگێنن، بەر لەوەی دەرمانەکان بنووسن. هەروەها گرنگە بڕی دەرمان و ماوەی چارەسەری دیاریکراو پەیڕەو بکرێن. سوودی ئەنتیبایۆتیکەکان لەوەدایە کە بە خێرایی کار دەکەن، هەندێک لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا دەست بە کارکردن دەکەن.  زۆربەی ئەنتیبایۆتیکەکان لە ڕێی دەمەوە وەردەگیرێن، ئەگەر پێویست بێت بۆ ئەوەی دەرمانەکە خێراتر کاربکات، پزیشکی پسپۆڕ دەتوانێت بڕیار بدات لە ڕێی دەرزییەوە بە نەخۆشەكە بدرێت؛ چونکە ئەنتیبایۆتیکەکان چەند جۆرێكن. هەندێكیان شلن وەكو (شروب) بۆ هەر هەوکردنێک و هەندێ جاریش لە شێوەی (کرێم)ە، یان غسول، یان قەترەیە كە بۆ هەوکردنی پێست یان چاو یان گوێ بەكاردێن. بەڵام سەرەڕای سوودەکانی، کۆمەڵێک زیان و مەترسیشی لێ دەکەوێتەوە، وەكو:  

١. ئەگەر ئەنتیبایۆتیک زۆر وەربگیرێت، لەشی مرۆڤ دەتوانێت بەرگرییەک لە دەرمانی ئەنتیبایۆتیک دروست بکات، کە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەنتیبایۆتیکەکان کەمتر کاریگەر بن.

٢. هەتا ماوەی چارەسەری ئەنتیبایۆتیک درێژتر بێت، زیانی زیاتر بە سیستەمی بەرگری لەش دەگەیەنێت.

٣. هەندێک لە ئەنتیبایۆتیکەکان دەتوانن کاریگەری لاوەکییان هەبێت، وەک کێشەی هەرس و زیان گەیاندن بە ئێسک و هەستیاری بۆ تیشکی خۆر.

بێگومان زۆر لە تووشبووان بە نەخۆشی ڤایرۆسی دەست دەکەن بە بەکارهێنانی ئەنتیبایۆتیک، سەرەنجام بەکارهێنانی هەر جۆرێک لە ئەنتیبایۆتیکەکان بۆ هەر نەخۆشییەکی ڤایرۆسی کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت بۆ چارەخواز، چونکە جگە لەوەی کە بەکتریا و ڤایرۆسەکان جیاوازییان هەیە لە پێکهاتە، رێگەی جیاوازیش دەگرنەبەر بۆ ڕزگاربوون و مانەوەیان.

ئەوەی جێی سەرنج و ئاماژەپێدانە هەموو بەکتریایەک زیانبەخش نییە، هەندێک بەکتریا کە لە لەشدا دەژین یارمەتیدەرن، بەڵکو بە پێچەوانەوە ڕۆڵی گەورە دەبینن بۆ نموونە (E. coli) بەکتریایەکی بێ زیانە کەم تا زۆر یارمەتیدەرە بۆ هەرسکردن و بەرگریکردنمان لە میکرۆبە زیانبەخشەکان. لە ئاماژەدان بە بەکتریا سوودبەخشەکان پشتڕاست دەبێتەوە کەوا دژەبەکتریایەک یاخود ئەنتیبایۆتیکێکی دیاریکراو دەبێ بەکاربهێنرێ کە لەباربێت بۆ ئەو بەکتریایەی هۆکاری نەخۆشییەکەیە. دەتوانین بڵێین بۆ کاتی پێویست یان بارێکی لەناکاو نەبێت، ئەنتیبایۆتیک بەکارنەهێنرێ، چونکە گەر بەردەوام بین لە بەکارهێنانی دژەبەکتریا جۆراوجۆرەکان دەبێت بە هۆکارێک بۆ بوون بە مەترسی و کاریگەری خراپی لێدەکەوێتەوە. لە دوابەدوای لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکاندا پشتڕاستکراوەتەوە، جیا لە بەکارهێنانی ئەنتیبایۆتیک دەکرێت ڕێگەی تر بەکاربهێنرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی  بەکتریا و ڤایرۆس و جۆرەکانی تری میکرۆب و میتەنیەکان، ئەویش بە ڕێگای بە هێزکردنی سیستەمی بەرگرییەوە دەبێت بە خواردنی خۆراکی تەندروست ؛ وەرزشکردن ؛ …هتد.

 

سەرچاوەکان:-

١. لە بڵاوکراوەیەکی پەڕەی فەرمی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO).

٢. کتێبی (Antibiotic Esentials) ساڵی ٢٠٢٠ –  لە نووسینی (Cheston B. Cunha) و (Burke A.Cunha).

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *