نەهێشتنی زمانی دایک

هێلین عومەر تەها
قۆناغی چوارەم – بەشی شیكاری نەخۆشییەكان – زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك – هەولێر

نەهێشتنی زمانی دایک بۆ فێربوون، لە زانستی زمانناسیدا پێی دەوترێت “خنکاندن”

‎ لەگەڵ هەبوونی چەندین فاکتەری دیکە بۆ کوالێتیی فێرکردن لە پۆلەکاندا، هاوکات زمان سەرەکیترین ئامرازی پەیوەندی و تێگەیشتنە. لە زۆربەی وڵاتاندا تەنیا یەک زمان وەک زمانی زاڵ بۆ فێرکاری بە کار دەهێنرێت. فێرکردن بە زمانێک کە فێرخواز تێی ناگات پێی دەوترێت “خنکاندن”، چونکە هاوشێوەی ئەوەیە کە فێرخوازەکان ببەیتە ژێر ئاو بەبێ ئەوەی مەلە بزانن. ئەم کێشەیە بە تایبەت لە کاتێکدا زۆر جدیتر دەبێتەوە کە کەرەستەی فێرکاری زمانەکە گونجاو نەبێت و کاتێک زمانەکە بۆ هەردووکیان واتا مامۆستا و قوتابی زمانێکی بێگانەبێت، لەو كاتەدا کێشەیە دەگاتە لوتکە.

‎جیا لەم سیستمە، سیستمێکی دیکەی فێرکاری بە ناوی “سیستمی دووزمان لەسەر بنەمای زمانی دایک” بوونی هەیە. لەم سیستمەدا سەرەتا فێرخواز سەرجەم تواناییەکانی خوێندنەوە و نووسین و خودی بابەتەکان بە زمانی دایکی فێر دەبێت. زمانی دووهەم تەواو سیستماتیک فێر دەکرێت و فێرخواز دەتوانێت ئەزموونەکان لە زمانی دایکییەوە بگوازێتەوە بۆ زمانە بێگانەکە. ئەم سیستمەش چەندین جۆری هەیە، بەڵام لە هەر هەموویاندا لایکەمی لە ساڵانی یەکەمدا سەوادی خوێندنەوە و نووسین بە زمانی دایکی فێر دەکرێت.

‎سیستمی دووزمان لەهەمبەر سیستمی یەک زماندا چەندین قازانجی هەن کە بەردەوام لە توێژینەوە ئەکادیمیکییەکاندا جەختیان لەسەر کراوەتەوە.

‎بەکارهێنانی زمانێک کە فێرخواز دەیزانێت، تێگەیشتن لەوەی کە چۆن دەنگەکان دەبن بە هێمای نووسراوە، سادەتر دەکاتەوە. خوێندنەوە بۆ ئەو قوتابییانەی زمانەکە دەزانن زۆر سادەترە و خوێندكار ستراتیجییەکانی حەدس لێدانی دەروون-زمانناسی بۆ خوێندنەوە بە کار دەهێنێت، هەر بەم شێوەیە، لەگەڵ فێربوونی ڕێنووس، خوێندکار زۆر بە سادەیی لە ڕێگەی نووسینەوە پەیوەندیی ساز دەکات. بە پێچەوانەوە لە سیستمی “خنکاندن”دا، ڕەنگە خوێندکار فێر بکرێت كە چۆن وشەکان دیکۆد بکات، بەڵام چەندین ساڵی پێدەچێت تا بزانێت ئەوەی دەیخوێنێتەوە چ واتایەکی هەیە.

‎بەکارهێنانی زمانی دایک دەبێتە هۆی بەهێزبوونی خوێندکارەکە لە باری شوناس، بڕوابەخۆیی و سۆزدارییەوە، ئەمەش وا دەکات کە داهێنەرێتی زیاد بکات و خوێندکارەکە زیاتر هان بدات. بەکارهێنانی زمانی دایک بە پێچەوانەی سیستمی خنکاندن ڕێگە دەدات کە منداڵەکان خۆیان بن و کەسایەتیشیان وەک توانای فێربوونیان گەشە بکات. لە سیستمی خنکاندندا، منداڵەکان ناچار دەبن بێدەنگ دانیشن یان بە شێوەی میکانیکی دووپات بکەنەوە، ئەوەش بێهوایان دەکات و تەنیا خەریکی دووپاتکردنەوە دەبن و لە کۆتاییشدا شکست دەهێنن.

‎سیستمی دووزمانە توانایی زیاتر دەدات بە منداڵەکان و دەتوانن لە کۆتاییدا بە زیاتر لە زمانێک بخوێنن، بنووسن، و تێبگەن. بە پێچەوانەوە سیستمی خنکاندن، هەوڵ دەدات ئەم شارەزاییانە بۆ زمانێکی نوێ فێری قوتابی بکات و لە زمانێک کە دەیزانێت ئەمانەی لێ بستێنێتەوە، کە لە ئاکامدا لە فێربوونی هەردووکیاندا بە زیانی خوێندکار تەواو ببێت.

سەرچاوە:

Carole Benson,2004, The importance of mother tongue-based schooling for educational quality, Background paper prepared for the Education for All Global Monitoring Report The Quality Imperative

 

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *